تورکیا خەرجییە سەربازییەکانی بەرز دەکاتەوە

 حکوومەتی تورکیا لە چوارچێوەی پلانی ئابووریی سێ ساڵەدا، بڕیاری دا بودجەی وەزارەتی بەرگری بۆ ساڵی 2027 بە رێژەی 86% زیاد بکات، ئامانجیش لەمە پەرەپێدانی پیشەسازی سەربازیی ناوخۆییە و وازهێنانە لە کڕینی چەکی دەرەکی.

حکوومەتی تورکیا لە چوارچێوەی پلانی ئابووریی سێ ساڵە بۆ دیاریکردنی داهات و خەرجییەکانی وڵات، بڕیاری داوە بودجەی وەزارەتی بەرگری زیاد بکات. بەم پێیەش بڕی بودجەکە لە ساڵی 2027دا دەگاتە یەک تریلیۆن و 533 ملیار لیرە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2026 بە رێژەی 86% زیادبوونی بەخۆوە بینیوە.

جەودەت یەڵماز، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا، رایگەیاند، مەبەستیان لەم زیادکردنە دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکانە. حکوومەت دەیەوێت لە جیاتی کڕینی چەک و کەرەستەی سەربازی لە وڵاتانی دەرەوە، خۆی لە ناوخۆدا تەکنەلۆژیای سەربازی پەرە پێبدات و چەکەکانی بەرهەم بهێنێت، بۆ ئەوەی بتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت.

لە پلانە نوێیەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کۆی خەرجییە بەرگرییەکان لە ماوەی جێبەجێکردنی ئەم بەرنامە سێ ساڵەیەدا بە رێژەی 229% زیاد دەکات. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە زیادکردنی بودجەکە تەنیا بۆ یەک ساڵ نییە، بەڵکوو حکوومەت پلانی هەیە تاوەکوو ساڵی 2029 بەردەوام بێت لە تەرخانکردنی پارەی زیاتر بۆ کەرتی سەربازی.

ئەم هەنگاوەش لە کاتێکدا دەنرێت، پرۆسەی چارەسەری لە وڵاتەکە بەردەوامە و شەڕی وڵاتەکە لەگەڵ پەکەکە وەستاوە. بەڵام ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن حکوومەت نەک هەر بودجەی سەربازی کەم نەکردووەتەوە، بەڵکوو رێژەی زیادبوونی ساڵانەی بودجەکەی لە %32ـەوە بۆ %86 بەرز کردووەتەوە.

 
لە چەند ساڵی رابردوودا، تورکیا هەوڵێکی زۆری داوە بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی سەربازی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە وڵاتانی دەرەوە. دوای رووبەڕووبوونەوەی چەندین سزای نێودەوڵەتی و راگرتنی فرۆشتنی چەک پێی لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواوە، ئەنقەرە ستراتیژیی خۆی گۆڕی و دەستی کرد بە دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تانک و کەرەستەی سەربازیی ناوخۆیی. کۆمپانیاکانی وەک "بایکار و ئاسێلسان" رۆڵێکی گەورەیان لەم گەشەکردنەدا بینیوە و وڵاتەکەیان کردووەتە یەکێک لە هەناردەکارە دیارەکانی چەک لە جیهاندا.