ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران توندتر دەکات

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لە دەریای عەرەب توندتر دەکەن، تارانیش هەڕەشەی قەدەخەکردنی هاتوچۆ لە کەنداو دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، گەمارۆی دەریایی بۆ سەر ئێران لە دەریای عەرەب بەردەوامە، سێنتکۆم روونیکردەوە، ئاراستەی 94 کەشتیی بازرگانی گۆڕدراوە و سێ کەشتیی دیکەش پەکخراون، ئەمەش بە ئامانجی دڵنیابوون لە پابەندبوون بە پرۆسەکانی گەمارۆدان.

لە بەرامبەردا موحسین رەزایی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی، واشنتن لە رێگەی مووشەکە نوێیەکانی ئێرانەوە هۆشدارییەکی روونی پێگەیشتووە.

رەزایی لە وەڵامی ئەوەی بە جەنگی ئابووری ناوی بردووە، هەڕەشەی سەپاندنی ناوچەی قەدەخەی هاتوچۆی دەریایی لە تەواوی ئاوەکانی کەنداو کرد و جەختی لە پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی لە هەڵوێستی ئۆپەراسیۆنی دژ بە بنکە و کەشتییە ئەمریکییەکان کردەوە.

سەرەڕای ئەمەش، داتاکانی چاودێریکردنی کەشتییەکان کە لەلایەن کۆمپانیای کیپلەر بڵاوکراونەتەوە و رۆیتەرز گواستوویەتییەوە، دەریدەخەن بەهۆی بەرزبوونەوەی گرژییەکان جووڵەی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە خاو بووەتەوە.

ئامارەکان دەریانخستووە ژمارەی کەشتییە بارهەڵگرەکان کە بە گەرووەکەدا تێپەڕیون، دوێنێ دووشەممە بۆ حەوت کەشتی دابەزیوە، لەکاتێکدا رۆژی یەکشەممە هەشت کەشتی لەو گەرووەدا تێپەڕیوە.