سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی فەرەنسا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکات
سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە برۆنۆ ئۆبێرت باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد
K24 – ههولێر:
سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە برۆنۆ ئۆبێرت باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد و ستایشی هەڵوێستی فەرەنسا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان کرد.
لەدیدارەكەدا كە ئۆلیڤییێ دیكۆتینی كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێریش ئامادەی بوو، سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك و حكوومەتی فەڕەنسای كرد بۆ پێدانی چارەسەری و دەرمانكردنی محەمەد حەمید،كوڕە گەنجە كوردەكەی سووریا كە بوونە هۆی ئەوەی لە مەرگ ڕزگار بكرێت. سەرۆك بارزانی ستاییشی هەڵوێستی دۆستانە و مرۆڤسالارانەی فەڕەنسای كرد لەبەرانبەر گەلی كوردستان لە قۆناغە جۆراوجۆرەكاندا و ڕایگەیاند كە فەڕەنسا دەوڵەتی پڕەنسیپ و بەهاكانە.
هەر لەو دانیشتنەدا باڵیۆزی فەڕەنسا لە بەغدا پێزانینی بۆ سەقامگیری و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان هەبوو و جەختیشی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی هەمیشە خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندی و دۆستایەتییە لەگەڵ گەلی كورددا.
لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و گرژی و ئاڵۆزی و قەیرانەكانی عێراق تاوتوێ كرا و هەردوولا جەختیان لە پێویستیی گەڕانەوەی سەقامگیری و جێبەجێكردنی داوا ڕەواكانی خەڵك كردەوە. هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر ڕۆڵی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ یارمەتیدانی عێراق لە چارەسەركردنی كێشەكانی و، كردنەوەی دەرگە بۆ دیالۆگێكی نیشتیمانیی گشتگیر.
H.J