شاندێکی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات

ئەمانجی سەردانەکە دەخرێتەڕوو

K24 – هه‌ولێر:

بڕیارە رۆژی یەک شەممە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی شاندێک سەردانی بەغداد بکات.

حوسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە  کوردستان24ـی راگەیاند : "رۆژی یەک شەممە 08/02/2020 بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغداد دەکات".

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ رونیشکردەوە، شاندەکەی هەرێم بە ئەندامیەتی خالید شوانی، وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری ناوچە كوردستانییەكانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم  و چەند بەڕێوەبەرێکی پەیوەندار لەخۆ دەگرێت.

لە باسکردنی ئەمانجی سەردانەکە رایگەیاند، شاندەکە لەگەڵ وەزیرانی بازرگانی، کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاویەکانی عێراق کۆدەبنەوە تایبەت بە شایستە دارایەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد تایبەت بە کشتوکاڵ و ئاو.

حوسێن حەمە کەریم ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەردانەکە داوا دەکەین لە دەرچواندنی بڕیاڕ و رێنمایی تایبەتمەند هەرێمی کوردستان رەچاو بکەن، بۆ ئەوەی جوتیارانمان نەبنە قوربانی.

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو گروپێکی هەماهەنگی لەنێوان وەزارەت و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغداد دروست کردووە و ئێستا بەردەوام مانگانە نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکومەتی هەرێم بەشداری کۆبونەوەکانی بەغدا تایبەت بە کشتوکاڵ و ئاودێری دەکات.