كۆرۆنا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ بازاڕی وزه‌ی جیهان ده‌كات

گوشارێکی بەهێزی له‌سه‌ر بازاڕی نەوت دروستكردووه‌

K24- هه‌ولێر:

بازاڕی نەوت چاوەڕێی دوا وشەی مۆسکۆیە بۆ پەسەندکردنی راسپاردەی ئۆپێك پڵەس به‌ مه‌به‌ستی کەمکردنەوەی زیاتری ئاستی بەرهەمهێنان، کە بەهۆی بلابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، خواستی چین بۆ نەوت دابەزیووە، ئەوەش نرخەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزاندووە.

ئەمڕۆ هەینی ئەلێکساندەر نۆڤاك، وەزیری وزەی رووسیا رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆتا بڕیاریان لەسەر دابەزاندنی زیاتری ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەدەن.

لەو بارەیەوە سەرچاوەیەك لە ئۆپێك بە ئاژانسی بلوومبێرگی راگەیاندووە، رێکخراوەکە پێشبینی دەکات، لە چەند رۆژی داهاتوودا مۆسکۆ وەڵامی راسپاردەکەیان لەبارەی کەمکردنەوەی 600 هەزار بەرمیلی دیکەی رۆژانە بداتەوە، ئەو بڕیارەی مۆسکۆش درێژە ناکێشێت، چونکە ڤایرۆسی کۆرۆنا گوشارێکی بەهێزی کردووەتە سەر بازاڕی نەوت و مەترسی دەکرێت خواستی نەوت دابەزینی زۆر زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

H.B