كەركووكییەكان چاوەڕێی ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكەیان دەكەن

كاری لیژنەكانی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك بێئەنجام بووە

K24 - كەركووك

ھاووڵاتیان کەرکووک چاوەڕوانی ئەوەن کە بارودۆخی شارەکەیان ئاسایی بکرێتەوە، ئەو بارودۆخە سەربازییەی بە سەر شارەکەیەوە خەڵکی نیگەران کردووە. ھەرچەندە لەدوای 16ی ئۆکتوبەرەوە چەند لیژنەیەک پێکھێندرا بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکووک، بەڵام لیژنەکان ھیچ ئەنجامێکیان نەبوو، لەم بارودۆخەی کە ھاتووەتە پێشەوە لە عێراق ئاسایی بوونەوەی دۆخی کەرکووکی دواخستووە.

بارودۆخی كەركووك ھێشتا دوور لە دەسەڵاتی زۆرینەیە و ھاووڵاتیانی کورد لە سەرجەم بوارەکاندا پەراوێزخراون، لەوێ نزیکەی دووساڵ و نیوە حاکمێکی سەربازیی دەسەڵاتی رەھای پێدراوە و ئیدارەیەکی خۆسەپێنیش ھەیە، خەڵکی كەركووك ماندووی ئەم دۆخە نەخوازراوەن و لە چاوەڕوانی جارێکی دیکەی ئاسایی بوونەوەی ژیانن کە لێیان زەوتکراوە، بەڵام ھێشتا بەغدا ھیچ ھەنگاوێکی کرداری نەناوە.

باڵا دەستی ھێزە سەربازییەکان تەنانەت لە سیمای بازاڕیشدا دیارە، ھاووڵاتیان دەڵین، سەرباریی بێ کاری ھێزە عێراقییەکان کە باڵا دەستتن لەم شارە رێگەمان پێنادەن کاری خۆمان بکەین.

بە تەنھا کورد لە كەركووك نیگەرانی ئەو بارودۆخە نییە، بەڵکو بەشێک لە نەتەوەکانی دیکەش نیگەرانی داھاتووی نادیاری شارەکەیانن، بەتایبەت ئەو پێکەوە ژیانەی لەپێش 16ی ئۆکتۆبەر ھەبوو، ئێستا بە تەواوی لەناوچووە.

ھ.م