بێگەرد تاڵەبانی: لەگەڵ بەغدا لەسەر دروستکردنی لیژنەیەکی باڵا رێککەوتین

دەبێت وەک یەک مامەڵە لەگەڵ جووتیاران بکرێت

K24 – هه‌ولێر:

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ چارەسەری کێشەکان.

وەزیری کشتوکاڵی عێراق لەبارەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێم رایگەیاند، دەبێت وەزارەتی بازرگانی ئەم کارە بکات، بۆ ئێمە هیچ جیاوازیەک لە نێوان جووتیارانی عێراق نییە.

هەروەها، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق لەبارەی پێکهێنانی لیژنەیەکەی باڵا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی شایستە داراییەکانی جوتیاران و کێشەکانی دیکە رێککەوتوین و داوامانکردووە بەیەکچاو تەماشای جووتیاران بکرێت.

پارەی سێ ساڵی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لای بەغدایە و حکوومەت 557 ملیار دینار قەرزداری جووتیارانە، بەڵام بەغدا دەڵێت گەنمی جووتیارانی هەرێمی وەک گەنمی بازرگانی وەرگرتووە و ئامادەیە تەنها 250 ملیار دینار بنێرێت، جووتیاران و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمە رەت دەکەنەوە.

H.J