بازرگانێکی سلێمانی کە لە وڵاتی چین هاتووەتەوە داوای بە دەنگەوە هاتن دەکات
لە رێگای کوردستان24 داوای هاوکاری دەکات
K24 – ههولێر:
بازرگانێکی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، زیاد لە 24 کاتژمێرە بەهۆی ئەوەی لە وڵاتی چینەوە هاتووەتەوە، لە شوێنێکی "بێسەروبەر و پیس، بێ هیچ ئامێر و کەسێکی پزیشکی" دانراوە.
یاسین حەمە سەعید میرزا، بە کوردستان 24ـی راگەیاند، لە چین چوومەتە مالیزیا لەهەردوو شوێن پشکنینم بۆ کراوە، دواتر چوومەتە قەتەر لەوێش پشکنینم بۆ کراوە، ئێستا لە سلێمانی لە شوێنێک بەند کراوم، بەبێ ئەوەی کەس سەردانم بکات.
دەشڵێت، لە دوێنێ کاتژمێر 11ـی بەیانی، لە ماڵێک بەرامبەر بە فڕۆکەخانەی سلێمانی منیان داناوە و تاوەکو ئێستا بە بیانووی ئەوەی پشووە، کەس نەهاتووە بۆلام.
ئەو بازرگانە، داوا دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان بێن بە هانایەوە و لە شوێنی شایستە پشکنینی بۆ بکرێت و دەشڵێت ئەو بە هیچ جۆرێک تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە، بەڵام لەو شوێنە خەریکە دووچاری نەخۆشی دەروونی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سوپاسی کارمەندانی فڕۆکەخانە دەکەم کە هاوکارییان کردووم، بەڵام لایەنی تەندروستی لێم ناپرسنەوە.
کوردستان24 بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر، پەیوەندی کرد بە فڕۆکەخانەی سلێمانی، بەڵام فڕۆکەخانە رایگەیاند کە ئەم حاڵەتە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لێی بەرپرسە، بەرپرسانی تەندروستییش رەتیان کردەوە ئەو حاڵەتە پەیوەندی بەوانەوە هەبێت، هەروەها خۆپارێزیی (ویقایە)ش وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.


