نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە یەكێتی نووسەران دەكات
نێچیرڤان بارزانی پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی یەكێتی نووسەران دەكات
K24 - ھەولێر
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە یادى یۆبیلى زێڕێنى یەکێتیى نووسەرانى کورددا، پەیامێکى ئاراستەى رێوڕەسمى یادەکە کرد و رایدەگەیەنێت "یەکێتیی نووسەرانی کورد لە پەنجا ساڵەی تەمەنی خۆیدا، سەرباری خزمەتی ئەدەب و کولتوور، لە مەیدانی بەرگری و هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەییشدا، نموونەی خۆڕاگری و چاونەترسی و سیمبولی بەرەنگاربوونەوەی ستەم و سەرکوتکاریی رژێمە خۆسەپێنەکان بووە".
لە پەیامەكەی سەرۆكی ھەرێم ھاتووە: "ئەم یادە، رێزگرتنە لە نیو سەدە خەباتی رێکخراوێکی سەنگین و بەهەڵوێست، رێزگرتنە لە قەڵەم و هزر و بەرهەم و بەخششی کاروانی پەنجا ساڵەی نووسەرانی کورد کە هەمیشە لە سەنگەری گەلەکەیدا بوون و یەکێک لە مەتەرێزە خۆڕاگرەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان بوو، هەرواش دەمێنێتەوە".
سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە پەیامەكەیدا رایدەگەیەنێت: "یەکێتیی نووسەرانی کورد پەنجا ساڵ لەمەوبەر وەک دەستکەوتێکى شۆڕشی ئەیلوول و بەرهەمێکى ڕێکەوتننامەی ئازاری 1970 دامەزرا. دامەزراندنی ئەم رێکخراوە و کۆڕی زانیاریی کورد، بەڵگەیە کە شۆڕشی کوردستان تەنیا چاوی لە دەستکەوت و مافی سیاسی نەبوو، بەڵکو خزمەتکردن بە کولتوور و زمان و ئەدەب و داهێنان، هێندەی مافە سیاسییەکان بەلاوە جێی بایەخ بووە. یەکێتیی نووسەرانی کورد لە پەنجا ساڵەی تەمەنی خۆیدا، سەرباری خزمەتی ئەدەب و کولتوور، لە مەیدانی بەرگری و هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەییشدا، نموونەی خۆڕاگری و چاونەترسی و سیمبولی بەرەنگاربوونەوەی ستەم و سەرکوتکاریی ڕژێمە خۆسەپێنەکان بووە".
لە پەیامەكەیدا نێچیرڤان بارزانی ئاماژە بەوە دەكات: "باوەڕی تەواومان بەوەیە کە وشەی جوان، بیری جوان، مرۆڤی جوان، زادەی ژینگەیەکی ئازادن، هەموو هەوڵێکیشمان لە رابردوو و ئێستاشدا بۆ رەخساندنی ئەو ژینگەیەیە، چونکە ژینگەی دروستی نووسین و داهێنان، ئەوەیە کە تیایدا ئازادیی بیر و بۆچوون و ڕادەربڕین، بەهایەکى بەنرخ بێت، ژیان و جوانی رێزلێگیراو بن. چاوەڕوانیی ئێمە لە نووسەرانمان، لە نێوخۆدا، بینینی ڕۆڵی کاریگەریانە لە پتەوکردنی بنەماکانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان و یەکسانى و خۆشویستنی ژینگە و کۆمەڵگە و نیشتمان. نووسەران و ئەدیبان پرد و ڕایەڵەی پەیوەندیی نێوان گەلانی خۆیان و جیهانن، ئامادەییى هەر نووسەرێکی کورد لە کتێبخانەکانی دنیادا، ئامادەبوونی ناسنامە و مێژووی گەلێکە، بۆیە گرنگە نووسەرانمان هەوڵی جددی بدەن بۆ تێپەڕاندنی سنووری کوردستان و وەرگێڕانی بەرهەمەکانیان بۆ زمانە زیندووەکانی دنیا و نەخشاندنی جێدەستی کوردستان لە جیهانی داهێنان و جوانیدا".
راشیگەیاند: "لەم یادە پڕ شکۆیەدا، دروود بۆ گیانی پاکی ئەو نووسەرە شەهیدانەی لە سەنگەری بەرگرى و زیندانە تاریکەکاندا گیانی پاکیان بە خاک و گەل و وشە بەخشی. سڵاو و ڕێز بۆ خانەوادە سەربەرزەکانیان. سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم ئەو نووسەرانەی ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی گەشە و پێشکەوتنی گەلی کوردستان بەخشی.ئەم یادە لە هەموو نووسەران و ئەدیبانی کوردستان پیرۆز بێت. هیواى بەردەوامی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و هەر شاد و سەرفراز بن".