سزاکانی ئەمەریکا گورزی بەهێز لە ئابووری ئێران دەدەن
قەیرانی ئێران قووڵتر دەکاتەوە
K24 - ھەولێر
ئامارە نافەرمییەكان بە شێوەیەكی زۆر رەشبینیانە باس لە دۆخی ئابووری ئێران دەكەن و ئاماژە بەوەدەدەن، كە سزاكانی ئەمەریكا قەیرانی ئەو وڵاتە رۆژ بە رۆژ قووڵتر دەكاتەوە، ھەر ئەوەشە وایكردووە كە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان بكات، كە چیدیكە بۆ پەیداکردنی داهات پشت بە کەرتی نەوت نەبەستن و روو لە پەرەپێدانی كەرتەكانی دیكەی وڵاتەكە بكەن.
سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، بەشێوەیەک کاریگەری لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە دروستکردووە، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، بۆ پەیداکردنی داهات تەنیا پشت بە کەرتی نەوت نەبەستن.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، زیانەکان تەواوی كەرتە ناوخۆییەكانی ئەو وڵاتەی پەكخستووە، لەنێویشیاندا پیشەسازی نەوتی خاو، بەرھەمھێنان، ھەناردە و حەواڵەكردنی دارایی نێودەوڵەتی لە رێگەی سیستەمی سوێفتی جیھانیەوە.
سەبارەت بە كڕینی زێڕ لەلایەن ئێرانییەكانەوە لە ماوەی ساڵی رابردوودا ، ئەنجوومەنی جیھانی زێر بڵاویکردووتەوە ، پێشبینیدەكرێت زیادەیەكی بەنزیكەی %4 تۆماركردووبێت بە بەراورد بە 2018 ، هەروەها لەپێناو پاراستنی قەوالە داراییەکانیان دانیشتوانی ئێران ماوەی 2 ساڵە روویان لە کڕینی زێر کردووە.
سەبارەت بە ھەناردەكانی كانزا لە ئێران، لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019 بەڕێژەی 40 بۆ 100% داکەوتنی تۆماركردووە.
سەجاد غەرقی، جێگری سەرۆكی ھەناردەكارانی كانزا لە ئێران بە ئاژانسی ئیلنای ئێرانی راگەیاندووە، زیادکرنی پێناسی گومرگی بە رێژەی 25% لەسەر هەناردەکارانی کانزاکان هۆکاری داکەوتنەکەیە.
لەلایەكی دیكەوە بازرگانی دەرەكی ئێران لە 2019دا داكەوتنێكی بەرچاوی تۆماركردووە ھەر یەك لە چین و كۆریای باشووریش لەو بارەیەوە بڵاویانکردووەتەوە، بە بەراوردبە ساڵی 2018 ساڵی رابردوو بە رێژەی 34- 60% نزمبوونەوەی ئاستی بازرگانیکردنیان لەگەڵ ئێران تۆمارکردووە.
سەبارەت بە ھیندستان و ژاپۆنیش بەھەمان شێوە ئاستی بازرگانییە ھاوبەشەكانیان لەگەڵ تاران داكەوتووە بەجۆرێك ھاوردەكانی نیودلھی بەتێكڕای 3 ھێندە و ھەناردەكانی ژاپۆنیش بۆ ئێران بەنزیكەی 11 ھێندە دابەزیوە و كەرتی فڕۆكەوانیش بێبەش نەبووە لە داكەوتن ، لە ماوەی تەنیا مانگێكدا 4 جوارجار خراپی ئیدارەدانی حكومی لەو كەرتە ئاشكراكراوە، ئەوە جگە لە تێكچوونی ژێرخانی بنەڕەتی، ھەموو ئەمانەش دەرخەری ئەوەن، كە دووبارە وەستان لەسەر پێی بۆ ئابوورییەكی لەو شێوەیە قورسە.
ھ.م