پرۆفیسۆرێکی زانکۆی هارڤارد چۆنیەتی "گەنجکردنەوەی" خۆی دەگێڕێتەوە

خۆی 10 ساڵ گەنج دەکاتەوە

K24 – هه‌ولێر:

پرۆفیسۆرێکی زانکۆی هارڤارد بەناوی دەیڤ سینکلەیر، پشکنینی خوێنی کردووە و تیایدا پێی وتراوە کە دۆخی بایۆلۆژی و تەندروستی 10 ساڵ گەورەترە بە بەروارد بە تەمەنی راستەقینەی خۆی.

ئەم پرۆفیسۆرە دەچێتە لای پزیشکێک بە ناوی جەیسن واکۆب بۆ ئەوە بەجۆرێک قەرەبووی ئەو 10 ساڵە بکاتەوە و بە رێگایەکی تەندروست ئەو زیانانەی گەیاندوویەتی بە لەشی پێچەوانە بکاتەوە. پزیشکەش بەم رێگایانە گەنجی دەکاتەوە:

ریخۆڵە

یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەمان بە گەنجی، پاراستنی تەندروستی ریخۆڵەیە، بۆ ئەمەش باشترین خواردن ماستە.

پرۆفیسۆر دەڵێت رۆژانە دەستم بە خواردنی ماست کرد، دوای چەند مانگێک هەستم بە باشتربوون دەکرد، تەنانەت کەمتر نەخۆش دەکەوتم.

گژوگیا

گژوگیاکانی وەکو کاهوو (خاس)، قەڕنابیت و برەسڵس سپروتس، یان هەموو ئەوانەی گەڵایەکی سەوزی تاریکیان هەیە و دەخورێن، سوودیان بۆ بە گەنج هێشتنەوەی کەسەکە هەیە. تەنانەت ئەم گژوگیایانە لە میوەکانیش باشترن چونکە هیچ جۆرە شەکرێکیان تێدا نییە.

چەوری تەندروست

رێگایەکی دیکە بۆ هێشتنەوەی ریخۆڵە بە تەندروستی خواردنی چەوری تەندروستە. دەکرێت لە ماسی، ئەڤۆکادۆ و زەیتی زەیتوون چەوری باشمان دەستبکەوێت. خواردنی ئەم خۆراکانە بە شێوەیەکی تەندروست، سوودیان بۆ مرۆڤ هێشتنەوەی بە گەنجی دەبێت.

جگەرە، خواردنەوە کحولییەکان و فشاری دەروونی

جیا لە تەندروستی ریخۆڵە، جگەرە، خواردنەوەی کحولییەکان و فشاری دەروونی، زیانی زۆر بە تەندروستی مرۆڤ دەگەینن و دەبنە هۆی ئەوەی مرۆڤ بە تەمەنتر لە تەمەنی خۆیان دەربکەون و زۆرجاریش دەبنە هۆی مردنی پێشوەختە.

BbgFood