نووسینگەی پەسەندکردنی بەڵگەنامەکانی عێراق لە ھەولێر كرایەوە
ئاسانكاریی بۆ ئەو ھاووڵاتیانە دەكرێت كە گرفت لە بەڵگەنامەكانیاندا ھەیە
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ سێ شەممە، بە ئامادەبوونی محەممەد حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ھەرێمی كوردستان و فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر، نووسینگەی پەسەندکردنی بەڵگەنامەکانی عێراق لە ھەولێر كرایەوە.
كردنەوەی ئەو نووسینگەیە لە ھەولێر تایبەتە بە ئاسانكاریی بۆ ئەو ھاووڵاتییانەی عێراق، كە لە دەروەی وڵات دەگەڕێنەوە، یان گرفت لە بەڵگەنامەكانیاندا ھەیە.
محەممەد حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراق لە وتەیەكدا بەو بۆنەیەوە رایگەیاند "دەمانەوێت لە رێگەی ئەو نووسینگەیەوە، ئاسانكاریی بۆ ھاووڵاتیان بكەین، ھەموو ئەو بەڵگەنامانەی لێرە دەردەچن، بەڵگەنامەی یاسایین و كاریان پێ دەكرێت".
لە ڕێوڕهسمی كردنەوەی نووسینگەكەدا، سەفین دزەیی، گوتی: "ھەبوونی ئەو نووسینگەیە بە ھەماھەنگیی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی ھەرێم كار دەكات و هاوكار دەبێت بۆ ھەموو ھاووڵاتییان".
ھ.م