داوای راگرتنی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی دەكرێت

كۆسرەت رەسووڵ نامەیەك ئاراستەی ئەنجومەنی سەركردایەتی دەكات

K24 - ھەولێر

كۆسرەت رەسووڵ، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، نووسراوێكی ئاراستەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی حزبەكەی كردووە و داوای راگرتنی كۆبوونەوەكانیان دەكات و بڕیارەكانیان بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر ناوخۆی حزبەكە.

 كۆسرەت رەسووڵ، ئاماژەی بەوەش كردووە "پێویستە كۆبوونەوەكان بە شێوەی بەرپرسیارانە بن و گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بكەین".

راشیگەیاندووە "یەكێتی كەوتووەتە دۆخێكی مەترسیدار و پێویستە وریا بین".

لە بەشێكی دیكەی نامەكەی كۆسرەت رەسووڵ، كە ئاراستەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی حزبەكەی كردووە ئەوە خراوەتەڕوو: "تەواوی ئەو بڕیارانەی داوتانن بۆ ئۆرگانەكان، مەترسی لەسەر ھاوسەنگیی ریزەكانمان ھەیە، پێش یەكاڵاكردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵا، لەلایەن لیژنەی ھاوبەشی ھەردوو ئەنجومەنەوە شەرعیەتی ئۆرگانێكی وەرناگرن".

داواش دەكات: "لە ھەموو بارێكەوە دۆخی یەكێتی وردتر لێك بدەنەوە، تەواوی ئەگەرەكان لەبەرچاو بگرن، بەھیوای چارەسەركردنی كێشەكان".