هاوپەیمانی نێودەوڵەتی راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوەکەی قامشلو بڵاوکردەوە
ئەمەریکییەکان چەکدارێکی سوپای سووریایان کوشتووە
K24 – ههولێر:
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی راگەیەندراوێکی لەبارەی رووبەڕووی بوونەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و لایەنگرانی بەشار ئەسەد بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکە هاتووە: "هێزەکانی هاوپەیمانان مانۆڕی خۆیان ئەنجامداوە کاتێک رووبەڕووی خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی سەر بە بەشار ئەسەد بوونەتەوە لە نزیک قامشلو".
روونیکردووەتەوە: "هێزەکانی هاوپەیمانان ئەو هێزانەیان ئاگادارکردووەتەوە بۆ دروستنەبوونی رووبەڕووبوونەوە، بەڵام بە چەکی سووک لە لایەن کەسێکی نەناسراوە تەقەکراوە و هاوپەیمانانیش بۆ بەرگریکردن لە خۆیان وەڵامیان داوەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆتایی بە گرژییەکان هاتووە و لێکۆڵینەوەش لەسەر رووداوەکە دەکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، روانگەی سووری بڵاویکردووەتەوە، هێزەکانی ئەمەریکا چەکدارێکی سەر بە سوپای سووریایان کوشتووە و گورزێکی ئاسمانیشیان لە ناوچەکە داوە.
تیمی کوردستان24 لە کاتی رووداوەکە، وێنەی راستەوخۆی رووداوەکەیان گواستەوە و تیایدا دەرکەوت، بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی هەردوولا، تەقەیەکی زۆر کرا، جیا لە هێزەکانی سەر بە سووریاش، چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی رووسیاش لە شوێنی رووداوەکە بوون.