هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی: له باره‌ی رووداوه‌كه‌ی نزیك قامشلۆ لێكۆڵینه‌وه ده‌كه‌ین
هێزه‌كانی رووسیا گه‌یشتوونه‌ته ناوچه‌كه
K24 – هه‌ولێر:
هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش به سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا، به‌یاننامه‌یه‌كی له باره‌ی پێكدادانه‌كانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، له پارێزگای حه‌سه‌كه بڵاو كرده‌وه.
هاوپه‌یمانییه‌كه رایگه‌یاند، هێزه‌كانیان له نزیك شاری قامشلۆ گه‌ڕێكی سه‌ربازیان ئه‌نجام داوه، له لایه‌ن هێزه لایه‌نگره‌كانی حكوومه‌تی سووریاوه هێرشیان كراوه‌ته سه‌ر.
هه‌روه‌ها هاتووه: دوای زنجیره‌یه‌ك له هۆشداری و هه‌وڵه‌كانی دروستكردنی پشێوی، كاروانێكی هێزه‌كانمان به چه‌كی سووك هێرشیان كراوه‌ته سه‌ر و ئه‌و هێزانه‌ش له چوارچێوه‌ی به‌رگریكردن له خۆیان، وه‌ڵامیان داونه‌ته‌وه.
روونیشی كردووه‌ته‌وه، دوای رووداوه‌كه هه‌وڵه‌كانیان بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌و رووداوه ده‌ستی پێ كردووه و كاروانه‌كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بنكه‌ی سه‌ره‌كیی خۆی.
په‌یامنێری كوردستان24 ئه‌مڕۆ له نزیك شوێنی رووداوه‌كه رایگه‌یاند، له ئاكامی پێكدادانی نێوان هێزه‌كانی به‌رگریی نیشتمانی سه‌ر به سوپای سووریا و سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له نزیك گوندی "خربه عه‌مۆ"، كه‌سێك كوژراوه و سه‌ربازێكی ئه‌مه‌ریكاش بریندار بووه.
دوای رووداوه‌كه‌ش، هێزه‌كانی رووسیا و سووریا له گونده‌كه بڵاوبوونه‌ته‌وه.