چەند سوودێکی زانستی بەفر

سوودەکانی بارینی بەفر چین؟

K24 – هه‌ولێر:

ئەگەرچی دابەزینی پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە هەندێک جۆری رووەک و تووشبوون بە نەخۆشی هەڵامەت، بەڵام بارینی بەفر و دابەزینی پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی ئاسایی سوودی بۆ خاک و مرۆڤ هەیە.

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی ئیلینۆی ئەمەریکی، بەفر سوودی بۆ خاک هەیە بەوەی ناهێڵێت پلەی گەرمی بەستێنەر بگاتە قووڵایی خاک و زیان بە رەگی دار و گژوگیاکان بگەیەنێت. هەروەها بەفر وا دەکات لە زستاندا، شێی خاک پارێزراو بێت کە بۆ گەشە و ژیانی هەندێک جۆری دار و گیا سوودی زۆری هەیە. لەگەڵ ئەوەش، بەفر دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی.

بۆ مرۆڤیش، بارینی بەفر دەبێتە هۆی لەناوبردنی ئەو جۆرە ڤایرۆس و بەکتریایانەی لە کەشی ساردا ناتوانن بژین. هەروەها، بۆ ئەو کەسانەش باشە کە هەستیاریی (حەساسیەتییان) هەیە، لەگەڵ ئەمەش بەفر، بەهۆی ساردییەکەی کاریگەری هەوکردن و هەندێک ئازار ناهێڵێت. بەهۆی ئەوەش کە لەشی مرۆڤ لە کەشی سەرما پێویستی بە خۆ گەرمکردنەوە هەیە، بەفر و سەرما دەبێتە هۆی سووتانی کالۆری زیاتر.

جیا لەمانەش، لە رووی کۆمەڵایەتی، بەفربارین دەبێتە هۆی ئەوەی، خەڵک کاتێکی ناوازە لەگەڵ خێزانەکەی بەسەربەرێت و کاتی زیاتریش لە ماڵەوە بەسەر ببات.