كورد پێداگیریی لەسهر جێبەجێكردنی دەستووری عێراق دەكات
مەرجی سەرەكیی كورد بۆ بەشداریكردن لە حكوومەت جێبەجێكردنی دەستوورە
K24 - ھەولێر
مەرجی کورد بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی داھاتووی عێراق، چارەسەرکردنی کێشەکانيەتی بە پێی ماددە دەستوورییەکان. ئەبوبەکر کاروانی، کە چاودێرێکی سیاسییە پێیوایە مەرجەکانی کورد لەو کابینە نوێیەدا جێبەجێ ناکرێن، بۆیە پێویستە کورد بیر لە جێگرەوەی تازە بکاتەوە.
کورد بە کۆمەڵێک مەرجەوە دەچێتە ناو کێبرکێی پێکھێنانی کابینەکەی عەللاوی، لە سەرووی ھەمووشیانەوە دەستوور، چونکە چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، بەو دەستوورە بەستراوەتەوە، ھیچ یەکێک لەو کێشانەش نا دەستووریی نین.
ھێشتا گفتوگۆی فەرمیی کورد و سەرۆک وەزیرانی راسپێدراو بۆ پێکھێنانی حکوومەت دەستی پێ نەکردووە، ئەزموونی کابینەکانی پێشووش سەلماندوویانه، ھیچ یەکێک لە مەرجەکانی کورد لە حکوومەتی داھاتوودا جیبەجێ ناکرێن، چونکە حکوومەتەکە کاتیی دەبێت و ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک وەزیرانیش، ھێزی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی نییە.
بۆ ئەم جارە بەشێک لە لایەنە سەرەکییەکانی باشووری کوردستان پێشنیازیان کردووە، داواکاریی کورد لە کاتی دانوستانەکان، جیاواز بن لە حکوومەتەکانی پێشووتر، بۆیە بە باش زاندراوە ھەموو ئەو داواکاری و مەرجە تازانەی کورد، لە یەک پاکێجی ھاوبەش، ئامادە بکرێن.
ھ.م