سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی بولگاریا کۆدەبێتەوە
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بانگهێشتی بولگاریا کرد
K24 – میونشن:
ئەمڕۆ هەینی 2020/2/14 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ، لە گەڵ بۆیکۆ بۆریسۆڤ سەرۆک وەزیرانی بوڵگاریا کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا ، بارودۆخی ئێستا عێراق و ناوچەکە و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بولگاریا تاوتوێ کرا.
سەرۆک وەزیرانی بولگاریا ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە کورد بە دۆستی خۆمان دەزانین و رەوەندێکی بەرچاوی کوردی لە بولگاریا هەیە و پەیوەندییەکی بەهێزیان لە گەڵ کۆمەڵگەی بوڵگاری هەیە و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی ئابووری لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و وزەدا . سەرۆک وەزیرانی بولگاریا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بانگهێشتی بولگاریا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها گفتوگۆ دەربارەی گرنگیی هەبوونی هەماهەنگی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کرا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ئاماژەی بە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بەتایبەتی لە پێشکەشکردنی کارئاسانی زیاتر بۆ پرۆسەی وەبەرهینانی ناوخۆیی و دەرەکی .


