سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كۆبوه‌وه‌

له‌ میونشن

K24 – میونشن:

له‌ په‌راوێزی كاره‌كانی یه‌كه‌م رۆژی په‌نجاوشه‌شه‌مین كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، مایك پۆمپیۆ كۆبوه‌وه‌.

ئەمڕۆ هەینی 2020/2/14 لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مایک پۆمپێیۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆبووەنەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ، دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە تایبەتی لە بواری ئابووری و هەماهەنگی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر تاوتوێ کرا. جەخت لە گرنگیی سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و مانەوەو بەردەوامبوونی هێزەکانی ئەمەریکا وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆر و رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە کرایەوە .
هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرا . سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە هەر گۆڕانکاریی و پێشهاتێکدا، پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت.

فۆتۆ: AFP
فۆتۆ: AFP