مەسرور بارزانی: لە میونشن چەندین دیداری گرنگمان ئەنجامداوە

"ئەمەریكا دەیەوێت لە بواری وزەدا ھاوكاری ھەرێمی كوردستان بكات"

K24 - میونشن

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كانی خۆی له‌ چوارچێوه‌ی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی وڵاتانی به‌شدار خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند، تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لای دۆسته‌كانی له‌به‌رچاو گیراوه‌.

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگەیاند، كۆبوونه‌وه‌ی زۆرباشمان له‌گه‌ڵ به‌شداربووانی كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن كرد، یه‌كێك له‌وانه‌ وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مه‌ریكا بوو له‌سه‌ر كه‌رتی وزه‌ی كوردستان قسه‌مان كرد وه‌زیری وزه‌ خواستی ئه‌وه‌ی هه‌بوو په‌ره‌ی زیاتر به‌ كه‌رتی وزه‌ بده‌ن.

روونیشی كرده‌وه‌، وڵاتانی به‌شدار به‌ گشتی په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌ویان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش هه‌یه‌، هاوكات تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ له‌لای هاوپه‌یمانه‌كان و دۆسته‌كانی له‌به‌رچاوگیراوه‌.

له‌ باره‌ی ره‌وشی ناوچه‌كه‌ش سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان وه‌ك كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی له‌ رووداوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ گرنگ ده‌زانن و پرسیار و ئاڵوگۆڕی راوبۆچوونه‌كان له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ بووه‌ چۆن به‌شداری له‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی ره‌وشه‌كه‌ بكه‌ن.

له‌ باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراقیش رایگه‌یاند، تا ئێستا ئه‌نجامه‌كان دیار نین، محه‌مه‌د ته‌وفیق عه‌لاوی به‌نیازه‌ كابینه‌كه‌ی پێكبهێنێت، بۆ ئێمه‌ وه‌ك هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ گرنگه‌ كه‌ وه‌ك هه‌رێمێكی فیدرالی له‌ چوارچێوه‌ی عێراق مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی له‌به‌رچاو بگیرێت و رێزی لێ بگیرێت و نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كابینه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و چوارچێوه‌یه‌ ده‌ستنیشان بكرێن.

له‌ باره‌ی مافی كوردیش له‌ سووریا، مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ سێرگیر لاڤرۆف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسای داوای كردووه‌ مۆسكۆ رۆڵی خۆی ببینێت به‌ جۆرێك ره‌چاوی مافی كورد بكرێت. گوتی: "ئێمه‌ ده‌زانین داعش هێشتا مه‌ترسییه‌كی سه‌ره‌كییه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و پێویستی به‌ پتشیوانی هه‌موو لایه‌نه‌ك به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان هه‌یه‌، داعش خه‌ریكه‌ خۆی رێكده‌خاته‌وه‌ و مه‌ترسی له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ و هه‌موو دنیاش هه‌یه‌. له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان هه‌ماهه‌نگییه‌كان زیاتر بكرێن".

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران، مەسرور بارزانی رایگەیاند: "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئێران دراوسێی یه‌كترین، نیگه‌رانی هاوبه‌شمان هه‌یه‌ له‌سه‌ر تێكچوونی ره‌وشی ناوچه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی، جه‌ختمان له‌ رێزگرتنی دوولایه‌نه‌ كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌".

ئ. م