مەسرور بارزانی و وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا كۆبوونەوە

سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان چەندین دیدارێكی گرنگی لە میونشن ئەنجامدا

K24 - میونشن

ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/2/16 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن پێشوازی لە نیلس ئانن وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆ دەبارەی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کرا.

وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ کاروباری دەرەوە ستایشی سەقامگیریی و گەشەسەندنی ئەزموونی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی هەرێمی کوردستان نموونەیەکی گەشی دەسەڵاتدارییە لە عێراقدا. لە کۆبوونەکەدا جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی پشتیوانیکردنی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.

 

ھەر ئەمڕۆ سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ھەر یەك لە جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و مارک سەدویل، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بەریتانیا لە میونشن کۆبووەوە.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەشداریكردنیان لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن چەندین دیداری گرنگیان لەگەڵ بەشداربووانی كۆنفرانسەكە ئەنجامداوە و وڵاتان رۆڵی ھەرێمی كوردستان لە ناوچەكە بە گرنگ دەزانن.