په‌يامى نێچيرڤان بارزانى بۆ يادى يه‌كێتيى قوتابيانى كوردستان

"یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان قوتابخانەی پێگەیاندنی چەندین سەرکردە و تێکۆشەری دیاری گەلەکەمانە"

K24- هه‌ولێر:

به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی 67 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی یه‌كێتییه‌كه‌ و ته‌واوی ئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه‌ كرد.

ده‌قی په‌یامی نێچیرڤان بارزانی بۆ یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان:

بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت و بەرپرسانی لقەکانی یەکێتيی قوتابیانی کوردستان

سڵاوی زانست و خەبات:

بە بۆنەی (٦٧)ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتيی قوتابیانی کوردستانه‌وه‌، گەرمترین پیرۆزبایی لە خۆتان و تێکڕای ئەندامانی ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان و سەرجەم قوتابیانی ئازیزی کوردستان دەکەم، ئومێدەوارم ئەم یادە هاندەرێکی بەهێز بێت بۆ زیاتر جۆشدانی خەباتی ڕێکخراوەییتان، لەپێناو خواستەکانی قوتابیانی کوردستاندا.

یەکێتيی قوتابیانی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییە و لە پێشەنگەکانی خەباتی ڕێکخراوەیی و مەدەنیانەی کۆمەڵگای کوردستانییە و قوتابخانەی پێگەیاندنی چەندین سەرکردە و تێکۆشەری دیاری گەلەکەمانە، کە ڕۆڵی گرنگیان لە بزاڤی ڕزگاریخوازیماندا بینیوە.

ڕۆڵی ڕێکخراوەییتان لە خزمەتکردنی خواستەکانی توێژی قوتابیان و بە ئامانج گەیاندنی داواکانیان بە شێوازی مەدەنی و شارستانی بەرز دەنرخێنم، ئێوە ئەرکی گرنگی نیشتیمانی و پیشەییتان لە ئەستۆیە، بەتایبەت لە پێگەیاندنی تاکی هۆشیار و کەسایەتیی سەنگین و توانای دڵسۆز و لێهاتوو بۆ گەلەکەتان، لەگەڵ بەشدارییەکی کارا لە گەشە و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و پەروەردە لە کوردستاندا بە ڕوانگە و میکانیزمی نوێ، کە وەڵامدەرەوەی ڕۆحی سەردەم و پێشکەوتنە خێراکان و خەون و خواستی قوتابیانی کوردستان بێت بۆ پێشکەوتن و نوێبوونەوە و ئاستێکی بەرز و شیاو لە زانست و پەروەردە. گرنگە جێدەستتان بە گۆڕانە ئەرێنی و پێشکەوتنەکانی سیستمی خوێندن و پەروەردەوە دیار بێت و بە دیدگا و بەرنامەی نوێ و سەردەمیانەوە کاری ڕێکخراوەییتان ئاراستە بکەن.

قوتابیان توێژێکی گرنگ و هەستیاری کۆمەڵگان و ئومێدی ئایندەی کۆمەڵگاکەیانن، دەبێ خواست و پێویستیەکانیان بە هەند وەربگیرێن و بایەخی بەردەوام بە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی نیشتیمانی و هەستی بەرپرسیارێتی لە گرتنە ئەستۆی ئەرکەکانیان بە دڵسۆزی و لێهاتوویی، بدرێت. ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان لەم لایەنەوە ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری بینیوە و چاوەڕوانیم لێتان کار و هەوڵی زیاتری بەردەوامە لەم بوارەدا، لەگەڵ بەهێزکردن و بڵاوکردنەوەی زیاتری بنەماکانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی، لەپێناو ئایندەیەکی پرشنگدار و شکۆداردا بۆ گەل و نیشتیمان.

بە دڵنیاییەوە، ئێوە لە ئاستی ئەو چاوەڕوانیەدان و متمانەی تەواوم بە دڵسۆزی و توانا و لێهاتووییتان هەیە. هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتر بۆ یەکیتییە تێکۆشەرەکەتان دەخوازم.

بەرز و شکۆدار بێت یادی دامەزراندنی یەکێتيی قوتابیانی کوردستان.

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدە نەمرەکانی یەکێتيی قوتابیانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

17/2/2020

H.B