بكوژێك لە ھەولێر دەستگیر كرا
"شەش ساڵ پێش ئێستا تاوانی ئەنجامداوە"
K24 - ھەولێر
پۆلیسی ھەولێر دەستگیر كردنی بكوژێكی راگەیاند، كە شەش ساڵ پێش ئێستا كەسێكی كوشتووە و بۆ شوێنێكی نادیار ھەڵاتووە.
لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر ئاشكرای كرد: "دوای ئەوەی تۆمەتبارێك لە ساڵی 2014دا لە كۆمەڵگای بنەسڵاوە لە هەولێر كەسێكی كوشت و دواتر بۆ شوێنێكی نادیار هەڵات، رۆژی دووشەممە 17/2/2020، لەلایەن تیمەكانی پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیر كرا".
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر عەمید دلێر نەجاڕ، لەوبارەیەوە ایگەیاند: "لە 31ی 3ی ساڵی 2014دا، تۆمەتبارێك بە ناوی (خ.چ.ق.)، تەمەن 39 ساڵ، بە چەكی جۆری كڵاشینكۆف لە كۆمەڵگای بنەسڵاوە هاووڵاتییەکی بە ناوی (سامان عەلی عومەر) کوشتبوو. تۆمەتبارەكە دوای ئەنجامدانی تاوانەكە بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتبوو و خۆی حەشار دابوو. دوێنێ تیمەكانی پۆلیسی هەولێر توانییان تۆمەتبارەكە لە کۆمەڵگای مەلائۆمەر دەستگیر بكەن، کە دەمانچەیەک و دوو مەخزەن و چەند فیشەکێکیشی پێ بوو".
ئاماژەی بەوەش كرد: "تۆمەتبارەكە پێشتر بەپێی ماددەی (406) لە یاسای سزادان لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێرەوە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەركرابوو".

