چەند گرووپێك زێڕی ساختە دەخەنە بازاڕەكانی كوردستان

"زێڕینگر هەيه فێڵی لێكراوە"

K24 - ھەولێر

ماوەیەكە لە رێگای سۆشیال میدیا و تەلەفۆن چەند ھاووڵاتییەكی كەوتونەتە داوی چەند گرووپێك بە ناوی فرۆشیاری زێڕ، دوای كڕین و تاقیكردنەوە تێدەگەن زێڕ نییە، زێڕینگرێك شێوازی پەیوندی ئەم گرووپانە بە خەڵك بۆ كوردستان24 ئاشكرا دەكات و سەرۆكی ئەنجوومەنی زێڕینگرانیش نایشارێتەوە كە زێڕینگر هەيه فێڵی لێكراوە و ھۆشداری دەدات ھاووڵاتییان، كە نەكەونە داوی ئەو گرووپانە.

ئەیاد عەبدورەحمان، 25 ساڵە لە بورای زێڕ كار دەكات و باش زێڕ دەیناسێ، ئەو  باسی گرووپێك  دەكات و دەڵێ بونەتە مەترسی بۆ خەڵك و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات چۆن لە رێگای تەلەفۆن و سۆشیال میدیا ئەم گرووپانە لە وڵاتانی میسر و توركیا و تەنانەت عێراقیش بە بیانووی فرۆشتنی زێڕ فێڵ لە ھاووڵاتییان دەكەن و چەند كەسێكیش لە كوردستان و عێراقیش كەوتونەتە داویان.

سەبارەت بەو گرووپە و جۆری فێڵكردنیان، سەرۆكی ئەنجومەنی زێڕینگران نایشارێتەوە كە ئەوە بینراوە و رووبەرووی بوونەتەوە. ھۆشداری دەداتە ھاووڵاتییان و دەڵێ "دەبێ ئاگادار بن زێڕ تەنیا لای كەسانی تایبەت دەفروشرێت و نەكەونه داوى ئەو جۆرە گرووپانە".

ھ.م