19 ساڵ بەسەر تیرۆركردنی فەرەنسۆ ھەریری تێدەپەڕێت
خزمەتی بەرچاوی بە پێكەوەژیان و وەرزش و ھونەر كرد
K24 - ھەولێر
19 ساڵ بەسەر تیرۆركردنی فەرەنسۆ ھەریری تێدەپەڕێت. فەرەنسۆ ھەریری كە به دۆستی ھەرە نزیكی وەرزشدۆستان دادەنرا، ھاوڕێكانی دەڵێن "كوردستان ھیچكات فەرەنسۆیەكی دیكه بەخۆیەوە نابینێتەوە". ھونەرمەند و وەرزشوانانی ھەولێریش باس لەوە دەكەن، كە یەكجار خەمخۆریان بووە و ھەموو ھەوڵێكیداوە بۆ خزمەتكردن بە وەرزش و ھونەر و بوارە جیاوازەكانی دیكە. لە رۆژی 18ـی شوباتی ساڵی 2001 لە ناو شاری ھەولێر لەلایەن ژمارەیەك تیرۆرستەوە تیرۆركرا.
19 ساڵ لەمەوبەر لە بەرەبەیانێكی زووی رۆژێكی ئاسایی شاری ھەولێر، رووداوێكی نائاسایی روویدا، رووداوێك كە دڵی تەواوی كوردستانیانی غەمگین كرد.
عهلی حوسین، ئەندامی سەركردایەتی پارتی و كەسێكی نزیك لە فەرەنسۆ ھەریری دەڵێ: "فەرەنسۆ ھەریری باوەڕی تەواوی بە پێكەوەژیان ھەبوو، رێزی لە ئایین و كەسایەتییەكانی كۆمەڵگای دەگرت، ھەروەھا كەسێكی سەرناس و راشكاو بوو".
فەرەنسۆ ھەریری لە دوای ڕاپەڕینەوە رۆڵێكی بەرچاوی ھەبووە لە بەرەوپێشبردنی سەرجەم بوارە جیاوازەكانی ھەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە شاری ھەولێر، ئەو دەستێكی باڵای لە بنیاتنانی ژێرخانی وەرزشی كوردستان ھەبووە بەتایبەت بنیاتنانەوەی یاریگای وەرزشی ھەولێر، ئەو بە جۆرێك خەمخۆری وەرزشوانان. جەلال پەرێشان، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لەوبارەوە دەڵێت: "ئێستاش پێم سەیرە كوردستان چۆن بێ فەرەنسۆ دەگوزەرێ، ئەو چەترێكی گەورەبوو ھەموو وەرزشوانانی لەخۆ كۆكردبووەوە، فەرەنسۆ كەسوكاری ھەموو وەرزشوانان بوو، خۆزگە زیندوو دەبووەوە و وەرزشی كوردستانی لەم قەیرانە رزگار دەكرد".
ھەریری، جگە لە وەرزش كۆكەرەوەی دەنگ و ئاواز و سەرجەم بوارە ھونەرییەكانیش بوو، ئەو كۆشكی ھەولێری بۆ ھونەرمەندان درووستكرد، ئۆكێسترای كوردستانی پێكھێنا، ئەمانە ھۆكاری ئەوەن كە ئامانج غازی میوزیسیانی دیاری كوردستان بڵێت: "رۆیشتنی فەرەنسۆ ھەریری كەلێنێكی لە بواری ھونەر دروستكرد كە بە كەس پڕنەكرایەوە".
فەرەنسۆ ھەریری، لە ساڵی 1937 لە شارۆچكەی ھەریری سەر بە قەزای شەقڵاوە لەدایك بووە، لە ساڵی 1960 بووەتە پێشمەرگە، لەھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بەشداریكردووە، لە پلەی حزبیدا گەیشتە ئاستی مەكتەبی سیاسی، ھەروەھا لە ساڵی 1996 تا 2000 پارێزگاری ھەولێر بووە. پەرلەمانتاری یەكەم خولی پەرلەمانی كوردستانیش بووە. كاتێكیش كە رۆیشت جگە لە پرۆژە و بیرەوەرییەكانی ھیچی دیكەی لە دوای خۆی جێنەھێشت.