عەبدوڵڵا گویل: كێشەی كورد سنوورەكانی بڕیوە و بووەتە پرسێكی نێودەوڵەتی
"سیستمی سەرۆكایەتی لەگەڵ كۆمەڵگەی توركیا ناگونجێت"
K24 - ھەولێر
عەبدوڵڵا گویل رایدەگەیەنێت، پرسی كورد سنوورەكانی تێپەراندووە و بووەتە پرسێكی نێودەوڵەتی.
عەبدوڵڵا گویل، سەرۆك كۆماری پێشووی توركیا رەخنەی لە سیستمی توركیا گرت و بە رۆژنامەی ئاكاری توركی رایگەیاند "سیستمی سەرۆكایەتی لەگەڵ كۆمەڵگەی توركیا ناگونجێت و دوای ئەو سیستمە سەرجەم كێشەكان گەورەتر بوون".
ئاماژەی بەوەشكرد "پرسی كورد كێشەی بنەرەتی توركیایە و ئەگەر ئەو پرسە چارەسەر نەكرێت، توركیا لە كێشەكان رزگار نابێت، كورد لەنێو جوگرافیای چوار وڵاتدان و زۆرینەیان لە توركیان و چالاكن".
عەبدوڵڵا گویل، راشیگەیاند" كوردانی توركیا تێكەڵ بە كۆمەڵگەی توركیا بوونە و جیاكردنەوەیان زەحمەتە".
بەبڕوای عەبدولڵا گویل، چارەسەركردنی پرسی كورد، بە بەخشینی مافی ھاووڵاتییەكی یەكسان و دانانی دەستوورێكی نوێ و دانان بە مافەكانیان دەبێت. ئەگەر مافەكانی كورد مسۆگەر ببن، ئەوكات توركیا دەتوانێت كێشەكانی دەرەوەی بە ئاسانی چارەسەر بكات.