سەرۆك بارزانی: نابێ رێگە بدرێت گەلی كورد لە سووریا تووشی چارەنووسی نادیار ببێت
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا دەكات
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە 18/2/2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆز جێمس جێفری نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی و دواپێشهاتەكانی عێراق و هەنگاوەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق و ئەگەرەكانی بەهێزبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق تاوتوێ كران.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا رۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سووریا و دوایین هاوكێشە مەیدانییەكانی ئەو وڵاتە و، بیروڕا لەبارەی رۆڵی لایەنە كوردییەكان لە پێشهاتەكانی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە لە هەر بارودۆخێكدا رێگە لەوە بگیرێت گەلی كورد لە سووریا تووشی گرفت و چارەنووسی نادیار ببێتەوە و، نابێ بە هیچ شێوەیەك گۆڕانی دیموگرافی لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا روو بدات.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا تەوەرێكی تری ئەو بابەتە بوو و هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هەردوولا بۆ شەڕی دژی تیرۆر بەرز نرخێندرا و جەختیش لە فراوانتركردنی هەماهەنگیی دوولایەنە كرایەوە لە بوارە جیاجیاكاندا.
