كارگە داخراوەكانی ھەرێمی كوردستان بەكار دەخرێنەوە

زیاتر لە 2 ھەزار كارگە داخراون

K24 - ھەولێر

وەزارەتی بازرگانی، لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری کارگە داخراوەکانی ھەرێمی کوردستان بڕیاریاندا بە زوترین کات  ئامادەکاری بکرێت بۆ  بەگەڕخستنەوەی کارگەکان، تا لەو رێگەیەوە پەرە بە بەرھەمھێنانی بەرھەمی ناوخۆی بدرێت، بەڕێوبەری کاروباری یاساییش لە دەستەی وەبەرھێنان پێی وایە  بەگەڕخستنەوەی کارگەکان گوڕێكی دیکە بە کەرتی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان دەدات.

وەزارەتی بازرگانی بڕیاریداوە، سەرجەم ئەو کارگانەی کە لە ماوەی رابردوو بەھۆی قەیرانی داراییەوە داخراون بەگەڕ بخاتەوە. لە پێناو پەرەدان بە بەرھەمی ناوخۆیی و زیادکردنی باج لەسەر ئەو کاڵایانەی کە لە دەرەوە ھاوردە دەکرێن لە کاتێکدا لە ھەرێم بەرھەم دەھێنرێن.

سەردار قوربانی، بەڕێوبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی بازرگانی دەڵێت، لە دوای کۆبوونەوەیەکی وەزیری بازرگانی لەگەڵ خاوەن کارگەکان بڕیاردرا سەرجەم کارگە داخراوەکان بەکار بخرێنەوە.

لە سەرئاستی ھەرێمی کوردستان 3 ھەزار و 714 کارگە ھەیە، کە لە لای وەزارەتی بازرگانی  تۆمارکراون، لەم ژمارەیە 2 ھەزار 272یان داخراون. لە ھەمانکاتدا بەپێی خەملاندنەکانی وەزارەتی بازرگانی لەگەڵ داخستنی ئەم کارگانە   8 ھەزار و 835  ھەلی کار لە دەستچووە.

ھ.م