هۆشداری لە تێنەپەڕاندنی بودجەی عێراق دەدرێت

"دۆخەکە درێژە بکێشێت وەبەرهێنەران کارەکانیان رادەگرن"

K24 - ھەولێر

پێشبینی دەكرێت عێراق لە 2020 دا بەبێ پڕۆژە بوودجە بمێنێتەوە. ھۆشداریش دەدرێت لەوەی كە تا 6 مانگی دیكە قەیرانێكی گەورەی ئابوورییانە چاوەڕێی وڵاتەكە بكات. لای خۆیەوە راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو دۆخە و رەوانە نەكردنی پڕۆژە بوودجەكە، ئەوە وەبەرھێنەرانی كەرتی تایبەت دەست بە راگرتنی كارەكانیان لە عێراق دەكەن.

ھۆشداری لە پەسند نەکردنی پڕۆژە بوودجەی عێراق دەدرێت و ئەگەری هەیە ئابووری عێراق بەھەمان دۆخی ساڵی 2014 تێپەڕێت و وڵاتەكە بەبێ بودجەی دارایی بمێنێتەوە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو ناکۆکیانەی بەرۆكی وڵاتەكەی گرتووە و ھاوكات بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەكان، مەترسی دروستكردووە كە پڕۆژە بودجەی 2020 نەگاتە پەرلەمانی عێراقەوە.

ئەو پڕۆژە بوودجەیەی لەلایەن حكومەتەوە خراوەتەڕوو بەبڕی 135 ملیار دۆلارە، بەكورتھێنانێك دەگاتە 40 ملیار دۆلار  و  2 ملیار و 500 ھەزار دۆلاری بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانەیە كە لەگەڵ چیندا رێككەوتنی لەسەر كراوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش حكومەت پڕۆژەیاسای بودجەی رەوانەی پەرلەمان نەکردووە.

مەزھەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، خەرجی گشتی لە عێراق نزیكەی 45%ـی كۆی بەرھەمی ناوخۆیی پێكدێنێت، ئەو خەرجییەش كاریگەری فراوانی لەسەر تۆماركردنی تێكڕای گەشەی راستەقینە دەبێت، بەتایبەت لە بەكارھێنانی ھێزی بەرھەمھێنانی سەرەكی لە وڵاتەكە.

جەختیشیكردەوە، درەنگ كەوتنی پڕۆژە بوودجەكە واتای درەنگكەوتنی جێبەجێكردنی پڕۆژەی وەبەرھێنانی نوێیە كە لە بوودجەدا شوێنی بۆ كراوەتەوە، ئەم دۆخەش ئاماژەیەكی نەرێنی بە وەبەرھێنەرانی كەرتی تایبەت دەدات کە کارەکانیان بوەستێنن. ئەمە جگە لەوەی رێژەی بێكاری و ھەژاری لە عێراق زیاتر دەبێت، بەردەوامبوونی داكەوتنی ئابووریش تا 6 مانگی دیكە واتا تۆماركردنی زیانی ئابووری گەورە و كاریگەری نەرێنی لەسەر رێككەوتنەكەی نێوان عێراق و چین جێدەھێڵێت.

شارەزایانی ئابووری ئاماژەی بەوەدەدەن، لە ئەگەری مانەوەی دۆخی عێراق بەم شێوەیەی كە ئێستا تێیدایە، واتە زیادبوونی ناكۆكی و گەندەڵی لە وڵاتەكە و ھەروەھا قووڵبوونی توڕەییەكانی گەلی عێراق لەو  دەسەڵاتە سیاسیەی كە ئێستا ھەیە.

ھ.م