سەرۆك بارزانی سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدانی گوندی چەخماخە دەکات

سەرۆک بارزانی پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتیە کوردانە کرد کە لە لایەن چەکدارانی داعش لە گوندی چەخماخە شەهید کران.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:

شەوی ڕابردوو تیرۆریستانی داعش پەلاماری گوندی چەخماخەی سەر بە شارۆچكەی دووبز لە ڕۆژئاوای كەركووكیان دا و بەداخەوە لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی شەهید و سێ هاووڵاتیی تریش بریندار بوون.

سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدانی ئەو ڕووداوە تیرۆریستییە دەكەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ برینداران دەخوازین.

ئەو ڕووداوە و چەندین ڕووداوی هاوشێوەیش بە ڕوونی پێشان دەدات كە تیرۆریستانی داعش بۆشایی ئەمنی و ناسەقامگیرییان بۆ خۆڕێكخستنەوە و بەهێزبوونەوەیان قۆستوەتەوە.

هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاسایش و ژیانی خەڵك هەر ماوە و پێویستە بە هەند وەربگیرێت. هەر بۆیەش دەبێ هەماهەنگی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی و هاوپەیمانان بۆ نەهێشتن و بنبڕكردنی هەڕەشەی تیرۆر بەردەوام بێت و بەهێزتر بكرێت و، هەروەها كۆتایی بەم بارودۆخە ناسرووشتییە ئەمنی و سەربازییەش بێت كە لەم ناوچانەدا كراوەتە ئەمری واقع.

مسعود بارزانی

19ـی 2ـی 2020