دوو تۆمەتبار لە ھەولێر دەستگیر كران

پۆلیس زانیاری دەخاتەڕوو

K24 - ھەولێر

پۆلیسی ھەولێر رایدەگەیەنێت، دوو كەسیان بە تۆمەتی دزیكردن لە ھەولێر دەستگیر كردووە.

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر ئاشكرای كرد: "دوای تۆماركردنی سكاڵا لە لایەن چەند هاووڵاتییەك بە روودانی چەند رووداوێكی دزیكردن لە پیشەسازیی باشوور (كارگەكانی ئاسنگەران)، پۆلیس دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەم رووداوە كردەوە و دوێنێ شەو توانی ناسنامەی دوو تۆمەتبار ئاشكرا بكات و دەستگیریان بكات".

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر عەمید دلێر نەجاڕ، رایگەیاند: "دوابەدوای ئاگاداركردنەوەمان بە بوونی چەند رووداوێكی دزی، هێزەكانی پۆلیس توانییان دەستبەسەر ئۆتۆمبێلێك و دوو تۆمەتبار و ئەو پێداویستیانەدا بگرن كە تاوانەكەیان پێ ئەنجام دراوە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەم دوو تۆمەتبارە لە دەرەوەی شاری هەولێر هاتوون بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە، دوای دەستگیركردنیشیان دانیان بە ئەنجامدانی 5  تاوانی دیكەی دزیكردندا ناوە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو دوو تۆمەتبارە پەڕاویان بۆ رێكخراوە لەگەڵ هەموو ئەو بەڵگانەی كە دان بە تاوانەكانیاندا دەنێن، پێشكەشی دادوەری لێكۆڵینەوە كران و بە پێی ماددە (446) لە یاسای سزادانی عێراق بەند كراون".