مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان بە شوێنی ئاشتی و پێکەوەژیان دەمێنێتەوە

چاوپێکەوتنی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ کەناڵێکی ئیتاڵی لەبارەی سەردانەکەی بۆلای پاپای ڤاتیکان

K24 – هه‌ولێر:

کەناڵی TV2000ـی ئیتاڵی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای سەردانەکەی بۆ لای پاپای ڤاتیکان ئەنجامدا و تیایدا رەوشی پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان و ئەنجامی سەردانەکە باسی لێوەکرا.

لەبارەی سەردانەکەی بۆلای پاپای ڤاتیکان، مەسرور بارزانی رایگەیاند: "کۆبوونەوەمان لەگەڵ قەداسەتی پاپا، بۆ ئێمە جێی شانازی بوو، ئێمە سوپاسی گەلەکەی خۆمان گەیاندە بەڕێزیان و داوای پشتگیری و نزامانکرد بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و گەلەکەمان".

راشیگەیاند: "کوردستان بۆتە شوێنێکی سەقامگیر بۆ زۆر لەو خەڵکانەی لەدەستی داعش رایانکردووە، شانازی بەوەوە دەکەین کە توانیومانە پێشوازی لە ملیۆنێک و 100 هەزارکەس بکەین، کە هەشتا هەزار کەسیان پەنابەرن لە سوریاوە هاتوون، ئەمانەمان هەموو بۆ پاپا باسکرد، کە زانیاری و ئاگاداری باشی هەبوو، هاوڕابوو لەگەڵمان و پێزانینی هەبوو بۆ ئەوەی ئەنجامی دەدەین".

لە وەڵامی ئەوەی هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ کەمایەتییە ئاینییەکان دەکات، سەرۆکی حکوومەت گووتی: "کوردستان خاکی ئاشتی و پێکەوە ژیانە، بە درێژایی چەندین سەدە وابووە و دەمانەوێت بەردەوامبین و هەروا بمێنین، ئێمە بە کەمینە ناویان نابەین، بەڵکو بەو خەڵکانەی باوەڕێکی تریان هەیە ناویان دەبەین، بۆ ئەوانەی دەیانەوێت دڵنیابن کە پێویستیان بە شوێنێک هەیە، هەمیشە دەتوانن بێنە کوردستان".

H.J