دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخ هاووڵاتیان ئاگادار دەکەنەوە

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا چەند بڕیارێک درا

K24 – هه‌ولێر:

بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە مەرزی باشماخ و راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی حاجی ئۆمەران بڵاویانکردەوە، هاتووچۆی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان راگیراوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی مەرزی باشماخ، هاتووچۆ و گەشتکردن بە رووی هاووڵاتیان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ کاتێکی نادیار داخراوە.

هەروەها، بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ئەمڕۆ هەینی لە ئاگادارییەکدا ئاشکرای کردووە، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ لە کاتژمێر 12ی شەوی ڕابردووەوە هاتووچۆکردنی هاووڵاتیان راگیراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، تەنها رێگا بە هاتنەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە ئێران دەدرێت، بەڵام پشکنینیان بۆ دەکرێت و دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئێران و گیان لەدەستدانی دوو کەس بەهۆیەوە، بە مەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوە و گەیشتنی بە هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی کاتی بڕیاری داخستنی سەرجەم دەروازە سنوری و فڕۆکەخانەکان بە رووی ئێراند درا.