حاڵەتێکی دەگمەن و سەیری ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار دەکرێت

بەهۆی حاڵەتێکی دەگمەن، ڤایرۆسەکە لە شارێکی دیکەی چین بڵاوبووەتەوە

K24 – هه‌ولێر:

لە حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کچێکی تەمەن 20 ساڵی چینی لە ووهان، رێگای پێدراوە بچێتە شارێکی دیکە کە 675 کیلۆمەتر لە ووهان دوورە، ئەمەش دوای ئەوەی پشکنینی بۆکراوە و هیچ نیشانەیەکی ڤایرۆسەکەی نەبووە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەو کەسە کاتێک چووەتە شاری ئانیانگ، پێنج کەسی دیکەی تووشی ڤایرۆسەکە کردووە، چونکە هەڵگری ڤایرۆسەکە بووە و هیچ نیشانەیەکی ڤایرۆسەکەی نەبووە.

ویلیام سکافەر، پزیشک لە سەنتەری پزیشکی ڤاندێربیلت دەڵێت: "زانایان بەدواداچوونیان کردەوە، ئایا دەکرێت نەخۆش بیت بەو ڤایرۆسە و هیچ نیشانەیەکیش نەبێت؟ وەڵامەکە بەڵێ یە".

مەێیون وانگ، پزیشک لە نەخۆشخانەی ژینگژو دەڵێت، ئەو کچە دوای ئەوەی پێنج کەسی لە شارێکی تر تووشکردووە، پشکنینی بۆ کراوە، لە پشکنینەکان هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەی نەبووە، تەنانەت پشکنینی خوێنیش نەیتوانیوە بە تەواوەتی ئەوە بسەلمێنێت کە کەسەکە هەڵگری ڤایرۆسەکە بووە، ئەم جۆرە حاڵەتەش رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە ئەستەم تر دەکات.