پێنج كەس لەسەر راوكردن و بیرلێدان لە بازیان دەستگیر كران

سەرپێچی ئەنجامداوە

K24 - ھەولێر

پۆلیسی دارستان و ژینگە 5 كەس لە ناحیەی بازیانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیر كرد.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: "دوای ئەوەی ئاگادار کرانەوە کە لە سنووری بازیان چەند هاووڵاتییەك بە شێوەیەکی نایاسایی سەرقاڵی هەڵکەندنی بیرن، دەستبەجێ مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە هاوکاری لەگەڵ بنکەی پۆلیسی دارستانی هەواری شار و بنکەی بازیان گەیشتنە شوێنی مەبەست و لە ئەنجامدا توانیان 2 هاووڵاتی بە تۆمەتی هەڵکەندنی بیر دەستگیر بکەن و هەروەها دەستگیرا بەسەر ئامارێكی بیرلێدان، پاشان تۆمەتبارەکان رووبەڕووی یاسا کرانەوە".

ئاشكراشی كرد، لە لایەکی ترەوە لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینی سنووری چالاکییەکانیان، مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی بازیان دەرچوون بۆ سنوری گوندی ( ئەڵا قولی ) لە سنوری بەردەقارەمان، لە ئەنجامدا بە هاوکاری لەگەڵ ئاسایشی بەردەقارەمان و بنکەی پۆلیسی بەردەقارەمان توانیان 3 هاووڵاتی دەستگیر بکەن کە سەرقاڵی راوکردنی ئاژەڵی کێوی بوون، هەروەها دەستیان گرت بەسەر 2 رێوی راوکراو، 2 ماتۆڕسکیل، 1 چەکی تاپڕ، 9 فیشەکی تاپڕ، 1 چەقۆ، 1 لایتی دەستی.