وەزیری بازرگانی دڵنیایی دەداتە ھاووڵاتییان

"مادەی خۆراكی لە ھەرێمی كوردستان زۆرە"

K24 - ھەولێر

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی كوردستان دڵنیایی دەداتە ھاووڵاتیان، كە رێژەیەكی زۆری مادە خۆراكییەكان ھەیە و حكومەتی ھەرێم لە بەرنامەی دایە خۆراكی زیاتریش ھاوردە بكات.

کەمال موسیلم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی سەردانی چەند کارگەیەکی کرد، تێیدا لەگەڵ کۆمپانیاکان کۆبووەوە و باسیان لە ماددە سەرەکییە پیشەسازییەکان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن سەرجەم پێویستییەکان لە هەرێمی کوردستان دابین بکەن.

وەزیری بازرگانی بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "ئێستا سێ سایلۆ لە ھەرێمی كوردستان لە قۆناغی دروستكردن دان، دوو لەو سایلۆیانە ئەمساڵ دەست بەكار دەكەن، ھەروەھا لە پلانماندایە پێنج سایلۆی دیكە لە كوردستان بكەینەوە".

گوتیشی: "ئەگەر ئەم سایلۆیانە دروست بكرێن و لەگەڵ كۆگاكان دەتوانین خۆراكی ناوخۆیی بە جۆرێك كۆگا بكەین، كە بگەینە ئاستێك كە ئاسایشی خۆراك بپارێزین".

وەزیری بازرگانی راشیگەیاند: "دڵنیایی دەدەین كە مادەی خۆراكی لە ھەرێمی كوردستان كەمنابێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش دوێنێ لەگەڵ بازرگانان كۆبووینەتەوە و رێژەیەكی مادەی خۆراك لە ھەرێمی كوردستان ھەیە و حكومەتی ھەرێم بەرنامەیەكی داناوە بۆ ھێنانی زیاتری مادەی خۆراكی، بۆ ئەوەی لە ھیچ حاڵەتێك تووشی كێشەی كەمی مادەخۆراكییەكان نەبین".