بهكارهێنانی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان رێكدهخرێتهوه
پڕۆژه یاسایهك له بارهی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان ئاماده دهكرێت
K24 - ھەولێر
پەرلەمانی کوردستان بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵايەتى و ماڵپەرە ئەلیکترۆنییەکان بە یاسا رێکدەخات، بۆ ئەم مەبەستە رەشنوسی پێشنیازە یاسایەک ئامادەیە و لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوو دەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.
سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان پشتگیری لەو پڕۆژەیە دەکات، پێشنیازیشی داوەتە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، دەبێت کێشەی بوونی ئەو پەیج و ئەکاونتە نادیارانە چارەسەر بکرێت.
بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتی و ماڵپەرە ئەلیکترۆنییەکان، بەشێوەیەکی نادروست لە ھەرێمی کوردستان کێشەیەکە تائێستا بە یاسا رێکنەخراوە، بەشێك لەو ئەكاونت و پەیجانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەكان کە سەرچاوەکانیان نادیارە، بوونەتە ھۆی پشێوی سیاسی و دروستبوونی قەیران و زۆر جار ئاسایشی نیشتیمانی و کۆمەڵایەتی خستووەتە مەترسیەوە، ئەم پرسە پەرلەمانی کوردستانی ناچارکردوە بە یاسا بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتی و ماڵپەرە ئەلیکترۆنییەکان رێک بخات.
لە پاڵ ئەو دەزگایانەی راگەیاندن، کە مۆڵەتی فەرمیان ھەیە سەدان ماڵپەری ئەلیکترۆنی و پەیج لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ھەن، کە لە ژێر چاودێری ھیچ دامەزراویەکدا نین و بەشێکیان سەرچاوەکانیان نادیارن و بونەتە ھۆی دروستکردنی پشێوی سیاسی و ھێرشکردنە سەر کەسایەتییەکان و ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی.