وەزیری تەندروستی ئەنجامی پشكنینەكانی 24 كاتژمێری رابردوو ئاشكرا دەكات

وەزیری تەندروستی: بۆ خۆپارێزی كاری باش كراوە

K24 - سلێمانی

وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوو پشكنین بۆ 12 گومان لێكراو كراوە، خۆشبەختانە ھیچ كامیان ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبوون. راشیگەیاند، لە رووی خۆپارێزییەوە لە فڕۆكەخانە و دەروازە سنوورییەكان كاری زۆر باش كراوە.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان لە میانی سەردانێكیدا بۆ سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لە ئاستی خۆپارێزی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان كاری زۆرباش كراوە، خاڵی پشكنین لەنێوان شارەكان بەتایبەتی لەگەڵ شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، لە 16 خاڵی پشكنین كاری باش كراوە، جگە لە پشكنین فۆڕم بۆ ئەو كەسانە پڕ دەكرێتەوە كە دێنە ھەرێمی كوردستان، ئەوانەی كە سەفەری دەرەوەی ھەرێمی كوردستانیان كردووە یان گومانیان لێدەكرێت، بە خێرایی كاری پێویستیان بۆ ئەنجامدەدرێت".

د. سامان بەرزنجی، جەختیكردەوە: "لە سلێمانی كاری جدی و باشكراوە بۆ خۆپارێزی، لە رێگەی تیمەكانی وەڵامدانەوەی خێرا ئەوەی پێویست بێت بۆ خۆپارێزی دەكرێت".

ئاشكراشی كرد: "لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا پشكنین بۆ 12 گومانلێكراو لە ھەرێمی كوردستان كراوە، لە رێگەی تاقیگە گشتییەكان، خۆشبەختانە ھەموو حاڵەتەكان نێگەتیڤ دەرچوون و ھیچ گومان لێكراوێك ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبوو، چەند گومان لێكراوێكی دیكە ھەن ئەمڕۆ پشكنینان بۆ دەكرێت".