40 ساڵ پێش ئێستا پێشبینی كۆرۆنا كراوە

"ئەو چەكە زۆر مەترسیدارە"

K24 - ھەولێر

نزیكەی 40 ساڵ لەمەوپێش دین كۆنتێز، نووسەری ئەمەریكا رۆمانێكی بەناوی چاوەكانی تاریكی نووسی، ئێستا ناوەڕۆكی ئەو رۆمانە سەرنجێكی زۆری جیھانی لەسەرە، چونكە ئەو دۆخەی ئێستای جیھان لە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا وێنا دەكات.

ئەو رۆمانە لە ساڵی 1981 نووسراوە، بۆ یەكەمجار بەكارھێنەرێكی تۆرە كۆمەڵایەتییەكان بەناوی نیك ھینتن وێكچوونەكانی رۆمانەكە و رووداوەكانی ئەم دواییەی پەیوەندیدار بە ڤایرۆسی كۆرۆنای ھەست پێكرد و لە تویتێكدا ئاماژەی پێدا، ھەرزوو تویتەكەی ھینتن ڤایرال كرا و بڵاوبوویەوە.

رۆمانەكە چیرۆكی دایكێكی تازیەبارە كە دەیەوێ ھۆكاری مردنی كوڕەكەی بدۆزێتەوە، لە بەدواداچوونەكانی بۆی دەردەكەوێت كە كوڕەكەی بەھۆی ڤایرۆسێكی مەترسیدار بەناوی (ووھان 400) كە سەرچاوەی ڤایرۆسەكەیە گیانی لەدەستداوە.

لەو كتێبەدا ڤایرۆسی (ووھان 400) وەكوو چەكێكی مەترسیداری بایۆلۆژی ناودەبات. لە بەشێكی دیكەی ئەو كتێبەدا یەكێك لە ئەكتەرەكان دەڵێ: "لێكۆڵەرێكی خەڵكی چین بۆ زیان پێگەیاندن بە ئەمەریكا یەكێك لە مەترسیدارترین چەكە بایۆلۆژییەكانی مێژووی دروستكردووە، ناوی (ووھان 400)-ی لەسەر دانراوە، چونكە چەكەكە لە كۆگاكانی دەرەوەی شاری ووھان دروستكراوە".

ئەكتەرێكی دیكەی رۆمانی چاوەكانی تاریكی دەڵێ "ئەو چەكە زۆر مەترسیدارەو ئامانجی دروستكرانیشی ئەوەیە كە شار یان تەنانەت وڵاتێك بە تەواوەتی لەناو ببات. لە رۆمانەكەدا ڤایرۆسی (ووھان 400) بە ھەڵە بڵاودەبێتەوەو ئەوەش كارەساتێكی گەورە دروستدەكات".

دێن كۆنتێز، رۆمانووسێكی ناوداری ئەمەریكییە كە جگە لەو رۆمانە چەندین بەرھەمی دیكەی ھەیە كە گرنگترینەكانیان (دیمون سید)، (ئاد توماس)-ن. ئەگەرچی وێكچوونی چیرۆكی ناو رۆمانی چاوەكانی تاریكی زۆر لە واقیعی ئێستای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەچێت، بەڵام تاكوو ئێستا كۆنتێزی نووسەری رۆمانەكە كە لەژیانیشدا ماوە، قسەی لەسەر نەكردووە.