مامۆستایانی گرێبه‌ستی هه‌ڵه‌بجه و خوێندنی كوردی كه‌ركووك كرانه هه‌میشه‌یی
هه‌ولێر و سلێمانیش ده‌كرێنه هه‌میشه‌یی
K24 – هه‌ولێر:
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان رایگه‌یاند، وه‌زیری دارایی واژووی له‌سه‌ر به هه‌میشه‌ییكردنی مامۆستایانی گرێبه‌ستی په‌روه‌رده‌ی هه‌ڵه‌بجه و خوێندنی كوردی كه‌ركووك كرد.
له راگه‌یه‌ندراوێكی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی داراییدا هاتووه: "لە پرۆسەی بەردەوامی وردبینكردندا، كاری وردبینی لەسەرلیستی مامۆستایانی گرێبەست لە به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی پەیمانگاكان و مەشقكردن و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركووك- بەشی خوێندنی كوردی تەواو بوو".
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاندووه، "ئەمڕۆ وەزیری دارایی و ئابووری واژووی لەسەر بە هەمیشەكردنیان كرد".
روونیشیكردووه‌ته‌وه، "كارمەندانی بەڕێوبەرایەتی گشتی بودجە لە كاركردن و پرۆسەی وردبینیكردن بەردەوامن تاوەكو بتوانین لە چەند رۆژی داهاتوودا كاری وردبینیكردنی مامۆستایانی گرێبەستی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی پەروەردەكانی هەولێر و سلیمانیش تەواو بكەین".