گروپێکی ئاینی بەرپرسن لە خێرا بڵابوونەوەی کۆرۆنا لە کۆریای باشوور
بۆنەیەکی ئەندامانی ئەو گروپە ئایینییە بووەتە کارەسات
K24 – ههولێر:
گروپێکی ئاینی لە کۆریای باشوور بەناوی شینچۆ جی، بەرپرسن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نیوەی زیاتری کۆریا.
بەرپرسانی سیئۆل دەڵێن، چەند ئەندامێکی ئەو گروپە رەتیانکردووەتەوە کە پشکنین بکەن و سەرۆکی گروپەکەش زانیاری پێویستی نەداوەتە بەرپرسان، ئەمەش وایکردووە، داوای یاساییان لەسەر تۆمار بکرێت.
لی وان هو، سەرۆکی گروپە ئاینییەکەش دەڵێت، ئێستا کاتی ئەوە نییە یەکتر گوناهباربکەین، بەڵکو کاتی ئەوەیە دۆخەکە چارەسەر بکەین.
دەشڵێت، ئەندامەکانمان ترساون لە ئاشکراکردنی خۆیان، بەڵام ئێستا کارە درووستەکە دەزانن و بە تەواوی هاوکاری حکومەتن.
ئەو ئاینە خاوەنی 240 هەزار ئەندامە، لە بۆنەیەکی تایبەتی خۆیاندا، لە ناوەڕاستی مانگ یەک، هەزارانیان کۆبوونەوە، بەشێک لە ئەندامەکانیان لە چین و ئەمەریکا هاتبوون.
چەند ئەندامێکی ئەم گروپە لە ووهانی چینەوە هاتبوون بۆ بۆنە ئاینییەکە و بەهۆیەوە بەشێکییان بوونە هەڵگری ڤایرۆسەکە، دواتر ئەم کەسانە بوونە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی زۆر خێرا لە کۆریای باشوور. ئەمەش خەڵکی کۆریای باشوور و بەرپرسانی تووڕە و نیگەران کردووە.
لە کۆریای باشوور پێنج هەزار و 186 کەس هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان، تاوەکو ئێستاش، 28 کەس گیانیان لەدەستداوە و 30 کەسیش چاکبوونەتەوە.
CNN
سەرۆکی گروپە ئاینییەکە دەکەوێتە سەر چۆک و داوای لێبوردن دەکات