ئێران ئەو کەسانە دەستگیر دەکات مەزارگەکانیان دەلێسایەوە

دەڵێن لە کۆرۆنا ناترسین و دەرگا و دیواری مەزارگەکان دەلێسنەوە

K24 – هه‌ولێر:

لە ماوەکانی رابردوو، چەند گرتە ڤیدیۆییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵابووەوە و تیایاندا چەند هاووڵاتییەک دەچوونە مەزارگەی پیاوانی ئاینی شیعە و پەرژین و دیواری مەزارگەکەیان دەلێسایەوە.

ئەو هاووڵاتیانە لەگەڵ لێسانەوەی دەرگا و دیوارەکان دەیانگووت، ئێمە لە کۆرۆنا ناترسین.

لە دوای دەستگیرکردنی ئەو کەسانە، حەسەن نەورۆزی، پەرلەمانتار لە ئێران بە سایتی بی بی سی گوتووە، کارەکانی ئەو کەسانە مایەی قبووڵکردن نییە و لە دوو مانگ بۆ دوو ساڵ زیندانیی دەکرێن.

هەروەها ماسیح عەلی نەژاد، چالاکوان و رۆژنامەنووس دەڵێت، دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بە تەنها بەس نییە، دەبێت ئەو مەزارگە و شوێنە ئاینییانە کە دەبنە هۆی کۆبوونەوەی زۆری خەڵک دابخرێن.

ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی داتاکان لە بارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاو دەکاتەوە، بەڵام هەندێک لە بەرپرسانی وڵاتانی دەرەوە بە تایبەت ئەمەریکا و کەنەدا، هۆشدارییان داوە و دەڵێن، داتاکان زۆر زیاترن لەوەی ئێران ئاشکرایان دەکات.