زانایانی چین زانیارییەکی گرنگ لەسەر کۆرۆنا ئاشکرا دەکەن

ڤایرۆسەکە دوو جۆرە و جیاوازن

K24 – هه‌ولێر:

زانایانی چین بڵاویانکردەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا توانای بازدان (Mutation) هەیە و دووجۆری بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە.

پرۆفیسۆر جیان لو و جی کوی کە توێژینەوەکەیان کردووە دەڵێن، ئەو جۆرەی کۆرۆنا کە کوشندەترە، زیاتر بڵاوبووەتەوە، بەجۆرێک 70% نەخۆشەکان تووشبووی ئەوجۆرەن.

دەشڵێن، ڤایرۆسە کوشندەکە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا "ئێڵ" و ئەو دیکەیان بە "ئێس" ناسێنراون. ئەوەی یەکەمیان لەگەڵ ئەوەی کوشندەترە، زووتریش بڵاودەبێتەوە، بەڵام ئێستا جۆری "ئێس" زیاتر بڵاوە دەکات چونکە نیشانەکانی دیارنین و درەنگ هەست بە بوونیان دەکرێت. زۆرجار کەسەکە لە نەخۆشخانە و لەدوای پشکنین دەزانێت کە ئەو ڤایرۆسەی هەیە.

ئاماژەیان بەوەشداوە، ئەم دۆزینەوەیە مایەی نیگەرانییە و دەبێت کاری بەپەلە بۆ دۆزینەوەی سروشتی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکرێت.

یاسای پەرەسەندن و خۆگونجاندن لەسەر ڤایرۆسەکانیش جێبەجێدەکرێت، کاتێک بۆ ماوەیەکی زۆر ئەو ڤایرۆسە لە شوێنێک قەتیس دەکرێت و رێگری لە بڵاوبوونەوەی دەکرێت، هەوڵی خۆ گۆڕین لە کاتی زیادبوون دەدات.

 The Daily Mail