هاوپهیمانی نێودهوڵهتی چاكسازییهكانی وهزارهتی پێشمهرگه دهنرخێنێت
"دەمانەوێت پێشمەرگە ببێتە بەھێزترین و رێکخراوترین ھێز"
K24 - ھەولێر
وتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رایگەیاند، چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەرفەتێکی باشن بۆ ئەمەریکا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بۆئەوەی زیاتر ھاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە بکەین.
گوتیشی: "دەمانەوێت پێشمەرگە بکەینە بەھێزترین و رێکخراوترین ھێز بەشێوەیەک کە زۆر جیاواز بێت لە رابردوو".
مایڵز کاگینز، وتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە كوردستان24ی گوت: "ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بەردەوامە لە پاڵپشتیەکانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە لە شەڕی دژی پاشماوەکانی داعش. ھێشتا داعش ھەڕەشەیە لە مەخموور و دیالەش. لە راھێنانەکانیشمان بۆ ھێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبین لەسەر تەکنیکی شەڕی دژ بە داعش راھێنانیان پێدەکەین".
راشیگەیاند: "ھاوپەیمانی كە زۆرێک لە وڵاتانی وەک ئیتالیا، ئەڵمانیا، ھەنگاریا، بەریتانیا و فینلەندا لەخۆدەگرێت کە چالاکیەکانیان لە ھەرێمی کوردستانن. ئەمەریکا پاڵپشتی پێشمەرگەی کردووە و بەھۆی چاکسازییەکانیش لە وەزارەتی پێشمەرگە دەرفەتێکی باش دەبێت بۆمان لە ھاوکارییەکانمان بەردەوام بین بۆئەوەی پێشمەرگە ببێتە بەھێزترین و رێکخراوترین و کاریگەرترین ھێز کە زۆر جیاوازتر بێت لە رابردوو. چاومان لەوەیە ھاوکاری زیاتری ئاسایش و وەزارەتی پێشمەرگە و ھەموو ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەین".