شەش قسەی باو لەسەر چارەسەری کۆرۆنا کە دوورن لە راستییەوە
رێکخراوی تەندروستی جیهانی رەتیان دەکاتەوە
K24 – ههولێر:
رێکخراوی تەندروستی جیهانی، یونیسێف و پزیشکان چەند هەواڵ و رێنماییەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاوبوونەتەوە بە درۆ دەخەنەوە.
خواردنی سیر:
خواردنی سیر سوودی هەیە و هەندێک ماددەی تێدایە دژە میکرۆبە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە، خواردنی سیر مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمبکاتەوە.
کانزای جادویی:
یوتیوبەرێک بە ناوی جۆردان سازەر، جۆرە گیراوەیەکی بڵاوکردووەتەوە، بە گووتەی خۆی پڕە لە کانزای سوود بەخش و ماددەی کلۆراین دیۆکسایدی تێدایە.
هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە، ئەو کانزایە سوودبەخشبێت و پێشتریش دەستەی FDA هۆشداریی لە بارەی ئەو خواردنەوەیە داوە، کە دەبێتە هۆی سکچوون و رشانەوە و کەمبوونەوەی رێژەی ئاو لە جەستەدا.
دەست پاکژکەرەوەی سرووشتی:
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەهۆی کەمی دەست پاکژکەرەوە، چەند جۆرێکی سرووشتی دەست پاکژکەرەوە بڵاوکراوەتەوە.
ئەم هەواڵانە رەتدەکرێنەوە و پرۆفیسۆر سالی بلومفیڵد لە سکوڵی پزیشکی لەندەن دەڵێت، ئەوانە دوورن لە راستی، تەنانەت خواردنەوەی ڤۆدکا 40% کحولی تێدایە و ناتوانرێت وەکو پاکژکەرەوەی تەواو بەکار بێت.
خواردنەوەی سیلڤەر:
خواردنەوەی Colloidal silver وا نمایش دەکرێت دژە کۆرۆنایە، بەڵام ئەوە دوورە لە راستی.
ئەو خواردنەوەیە دەکرێت وەک چارەسەری هەندێک نەخۆشی بەکاربێت و بەرگری مرۆڤ بەهێز دەکات، بەڵام کاریگەری لاوەکی زۆری هەیە و بۆ کۆرۆناش هیچ بەڵگەیەک نییە، کە سوودی هەبێت.
خواردنەوەی ئاو:
دەنگۆی ئەوە بڵاوکراوەتە خواردنەوەی ئاو هەر 15 خولەک جارێک، دەبێتە هۆی خۆپارستن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، پزیشکان ئەمە بە هەموو جۆرێک رەتدەکەنەوە.
گەرما و نەخواردنی ئایسکرێم:
زۆر کەس باس لەوە دەکەن خواردنەوەی ئاوی گەرم، خۆشووشتن بە ئاوی گەرم و بەکارهێنانی وشکەرەوەی قژ، دەبێتە هۆی کوشتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، یاخود باس لەوە دەکرێت دوورکەوتنەوە لە خواردنی ئایسکرێم، سوودی بۆ دوورکەوتنەوە لە ڤایرۆسەکە هەیە.
چاڕلۆت گۆرنیتزکا، ئەندامی یونیسێف بۆ رەتکردنەوەی زانیارییە هەڵەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەڵێت، ئەمە بە تەواوی هەڵەیە.
دەشڵێت، راستە ڤایرۆسەکان لە دەرەوەی لەشی مرۆڤ، کاتێک پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە، ناتوانن بژین، بەڵام هێشتا بەڵگەیەك لە بەردەست نییە، کۆرۆنا بە پلەی گەرمی بەرزی کەشوهەوا لەناوبچێت.
BBC