هه‌رێمی كوردستان رێنمایی نوێ ده‌رده‌كات
ده‌روازه‌كان به رووی شاره‌كانی عێراقدا دانه‌خراون
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د له كۆنفرانسێكی میدیاییدا، كه به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان، سامان به‌رزنجی ئه‌نجامیدا، رایگه‌یاند، هه‌وڵده‌ده‌ین سبه‌ی رێنمای نوێ ده‌ربكه‌ین و تاوتوێی پرسی كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌وامی فه‌رمانگه‌كان ده‌كه‌ین. وتیشی: ده‌روازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به رووی شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق دانه‌خراون.
له كۆنفرانسه‌كه‌دا رێبەر ئەحمەد وتی: سەبارەت به خاڵه سنوورییەکان تا رادەیەکی باش کۆنتڕۆڵ کراون. هەندێک خاڵی قاچاخیش هەن که بەداخەوه هەندێک له هاووڵاتیان لەم خاڵانەوه گەڕاونەتەوه و هەندێکیشیان به دەروازه سنوورییەکانی خوارووی عێراقەوه گەڕاونەتەوه و دواتر هاتوونەتەوه کوردستان.
وتیشی: هەندێک له هاووڵاتیان خۆیان هاتوونه و خۆیان ناساندووه و کەرەنتین کراون. ئەوانەی به قاچاغیش گەڕابوونەوه به هاوکاریی دەزگا ئەمنی و تەندروستییەکان ناسراونه‌تەوه و ئەوانیش براون بۆ کەرەنتین.
وەزیری ناوخۆ داوای لەو هاووڵاتیانه کرد، که سەردانی ئێران یان ئەو وڵاتانەی له لیستی ڤایرۆسی کۆرۆنادا هەن، بۆ تەندروستیی خۆیان و خێزانیان و هەموو خەڵکی کوردستان خۆیان بناسێنن.
سەبارەت به داخستنی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان به رووی هاووڵاتیانی پارێزگاکانی دیکه‌ی عێراق گوتی: دەروازەکان دانەخراون، تەنیا هەندێک رێوشوێن گیراونه‌تەبەر بۆ ئەوەی هاتوچۆ لەم دەروازانەوه سنووردار بکەن.
لەبارەی لیستی ئەو (500) ناوەی به قاچاغ له ئێران گەڕاونەتەوه، گوتی: بەهۆی ئەوەی زانیارییەکان زۆر ورد بوون، توانرا زۆربەی هەره زۆریان بدۆزرێنەوه و هەندێکیشیان بۆخۆیان خۆیان ناساندووه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی سەبارەت به کەرەنتین کردنی هاووڵاتیان روونیکردەوه: پرۆسەکه زۆر سەرکەوتوو بوو و کەره‌نتین کردنیش بۆ بەرژەوەندی خودی هاووڵاتییه بەتایبەت و تەندروستیی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان به گشتی و ئێستاش بەشێکی کەم ماون که بگەڕێنەوه.