دوژمنی سەرەکی کۆرۆنا پیاوانن
بۆچی خانمان و منداڵان زۆر کەمتر بە کۆرۆنا دەمرن
K24 – ههولێر:
سەنتەری کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکانی چین لە دوای توێژینەوەی ورد لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا بڵاویکردەوە، ژن و منداڵ ئەگەری کەمتریان هەیە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیان لەدەست بدەن.
بەگوێرەی داتاکانی ئەو سەنتەرە، ئەگەری مردنی پیاو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا 2.8%ـە، بەڵام ژنان 1.7%ـن.
هەرچی منداڵ و هەرزەکارانە، رێژەی مردنیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا 0.2%ـە، لە کاتێکدا رێژەی مردنی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەروو 80 ساڵە، 15%ـە.
سەنتەرەکە دەڵێت، دوو گریمانە هەن بۆ روونکردنەوەی ئەم حاڵەتە. یان ئەوەتا خانمان کەمتر دووچاری ڤایرۆسەکە دەبن یاخود لەشیان باشتر هەڵ دەکات لەگەڵ ڤایرۆسەکە.
باهرات پانکخانیا، پرۆفیسۆر لە زانکۆی ئێکستەر دەڵێت، کاتێک ڤایرۆسێکی نوێ دێت، هەمووان تووشی دەبن، چونکە هیچ دژە ڤایرۆسێک لەناو لەشمان بۆیان نییە. هەروەها، ئەوە سوودی هەبووە کە منداڵان هەر لە سەرەتاوە زیاتر پارێزراون و سنووریان بۆ دانراوە.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان ئەوەیە، پیاوان بە گشتی تەندروستیان لە خانمان خراپترە. بۆ نموونە لە چین 52% پیاوان جگەرە دەکێشن، بەڵام تەنها 3% خانمان جگەرە دەکێشن، جگەرەش سییەکان وێران دەکات و زیانیان پێ دەگەیەنێت، ئەمەش بۆ رووبەڕووبوونەوەئ کۆرۆنا خراپە.
هەروەها، سیستمی بەرگری خانمان و پیاوان جیاوازیان هەیە، پاول هەنتەر، پرۆیفسۆری پزیشکیی لە زانکۆی ئیست ئانگلیا دەڵێت، خانمان زیاتر دووچاری ئەو نەخۆشیانە دەبن کە دەبنە هۆی دروستبوونی سیستمی بەرگری خودکار، ئەمەش سوودی بۆیان هەیە کە بتوانن زووتر دژە ڤایرۆسەکان دروست بکەن.
BBC