بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسی هەیە یارییەکانی ئەم وەرزەی سێریا ئەی تەواو نەکرێن
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا بژاردەکانی ئەگەری تەواو نەکرانی خولەکە دەخاتە روو
ڤایرۆسی کۆرۆنا خەریکە بە تەواوەتی یاریی تۆپی پێ لە ئیتاڵیا پەک دەخات، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا رایدەگەیەنێت مەترسی هەیە نەتوانن یارییەکانی ئەم وەرزەی سێریا ئەی تەواو بکەن و باسی بژاردەکانی بەردەمیان دەکات، سەرۆکی یانەی خیتافیش رەتیدەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی یارییەکەیان لە یۆرۆپالیگ بچنە ئیتاڵیا و بەرامبەر ئینتەر میلان یاریی بکەن.
ڤایرۆسی کۆرۆنا خەریکە بە تەواوەتی یاریی تۆپی پێ و وەرزش لە ئیتاڵیا دەوەستێنێت، یانەکانی ئیتاڵیا و سێریا ئەی لەسەر ئاستی ئەوروپا زەرەرمەندترینن، تاکو ئێستا کۆتایی تونێلی ئەم وەرزەی سێریا ئەی دیار نییە، کەسیش بەخیلی بە دۆخی یانە ئیتاڵییەکان لە یۆرۆپالیگ و چامپیۆنزلیگ نابات.
لەبەر ئەوەی زیاتر لە یازدە هەزار کەس لە ئیتاڵیا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووینە و حکومەتی ئیتاڵیا باری لەناکاوی راگەیاندووە، مەترسی زۆرە خولەکانی ئیتاڵیا تەواو نەکرێن، زۆربەی یانەکانی ئەوروپاش ئامادە نین بۆ ئەنجامدانی یارییەکانیان بچنە ئیتاڵیا.
ئانخێل تۆرێسی سەرۆکی یانەی خیتافی لە نوێترین پێشهاتدا رەتیدەکاتەوە یانەکەی ئامادە بێت بۆ ئەنجامدانی یارییەکەیان لە قۆناخی 16ی یۆرۆپالیگ بەرامبەر ئینتەر میلان بچێتە ئیتاڵیا کە وابڕیارە سبەی پێنجشەممە لە جیۆسێپی میاتزا بکرێت، داوا دەکات یارییەکەیان بگوازرێتەوە وڵاتێکی دیکە، دۆخی یانەی یۆڤێنتۆسیش بەهەمان شێوەی ئینتەر میلانە، یانەی لیۆن پێداگیری دەکات یارییەکە لە تۆرین نەکرێت و ئەگەر هەیە یارییەکە بگوازرێتەوە ماڵتا و لەوێ هەردوو یانە لە قۆناخی 16ی چامپیۆنزلیگ بەیەک بگەن.
سەرەڕای ئەوەی یارییەکانی سێریا ئەی تاکو سەرەتای مانگی داهاتوو راگیراون، بەڵام ئەگەر هەیە خولەکە تەواو نەکرێت و سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا باسی ئەو بژاردانە دەکات کە لە حاڵەتی تەواونەکرانی خولەکە پەنای بۆ دەبەن..
گابریێلی گراڤینا، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا لە لێدوانێکیدا لەبارەی چارەنووسی سێریا ئەی دەڵێت 'ئەگەر یارییەکانی ئەم وەرزەی سێریا ئەی تەواو نەکرێن یان هەڵبوەشێنەوە، چەندان بژاردەمان لە بەردەستە وەکو رێگا چارەیەک، لە کۆبوونەوەی داهاتووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا ئەو بژاردانە دەخرێنە روو، پێشنیار هەیە پاڵەوانی ئەم وەرزە دەستنیشان نەکرێت، یانیش بەگوێرەی ئەنجامەکان و ریزبەندی ئێستا پاڵەوان دیاریی بکرێت، پێشنیارێکی دیکەش هەیە کە قۆناخێکی پاشکۆ بۆ چوار یانەکەی پێشەوە دروست بکرێت بۆ ئەوەی نازناوی ئەم وەرزەی خولەکە یەکلا بکرێتەوە، چورا یانەکەی کۆتایی ریزبەندیش رکابەری لەسەر مانەوە لە ریزی یانە پلە یەکەکان بکەن، پێویستیشە رێگا بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی بدەین ئەو یانانە دەستنیشان بکات کە وەرزی داهاتوو لە چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ نوێنەرایەتی ئیتاڵیا دەکەن'.
لەوەتەی جەنگی جیهانی دووەمەوە تاکو ئێستا هیچ هۆکارێک نەبووەتە هۆی ئەوەی یارییەکانی سێریا ئەی هەڵبوەشێنرێتەوە، کە ئەم وەرزە 12 گەڕ لە خولەکە ماوە و یۆڤێنتۆس بە کۆکردنەوەی 63 خاڵ پیشەنگی خولەکەی گرتووە.