گواردیۆلا: ئەگەر دۆخەکە بەمشیوەیە بەردەوام بێت با یارییەکان دوابخرێن

پێشنیارێک لە گواردیۆلاوە لەبارەی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆناوە

پێپ گواردیۆلا پێیوایە یارییەکان نەکرێن لەوە باشترە بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بکرێن، دەڵێت ئێمە بۆ خەڵکی یاریی دەکەین، ئەگەر ئەوان ئامادە نەبن کەواتە با یاریی ناکەین.

پێپ گواردیۆلا، بەڕێوەبەری هونەری مانچێستەر سیتی لەبارەی دۆخی ئێستای خولەکانی ئەوروپا کە زۆربەی یارییەکان بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەبێ ئامادەبوونی هاندەران دەکرێن، دەڵێت 'من پێموایە یارییەکان ئەگەر بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوە بچن، نەکرێن باشترە، چونکە ئێمە بۆ خەڵکی یارییەکان دەکەین، ئەگەر ئەوان ئامادە نەبن پێموایە یارییەکان بوەستن باشترە، لەوە تێدەگەم یارییەکان بۆ هەفتەیەک یان دوو هەفتە بەبێ هاندەران بکرێن، بەڵام پێموایە ئەگەر ئەم دۆخە زیاتر درێژە بکێشێت یارییەکان رابگیرێن باشترە، رۆژنامەنووسان بۆ گواستنەوەی هەوالەکان بۆ خەڵکی کار دەکەن، ئێمەش بۆ خەڵکی یاریی دەکەن، ئەگەر خەڵکی نەتوانن لە یاریگاکان ئامادەبن نەکرێن باشترە'.
هەروەها گواردیۆلا دەشڵێت 'تەندروستی خەڵکی گرنگترین شتە لەم کاتەدا، تەندروستی خەڵک لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە، بۆیە پێویستە لەم کاتەدا تەنیا بیر لەم چارەسەرکردنی ئەم دۆخە بکەینەوە، نەوەک کێبڕکێکان'.

تاکو ئێستا تەنیا یارییەکانی پرێمەرلیگ بە ئامادەبوونی هاندەران دەکرێن، یارییەکانی سێریا ئەی و لالیگا و بۆندزلیگا و لیگ1 بەبێ ئامادەبوونی هاندەران دەکرێن، یاریی ئەمشەوی مانچێستەر سیتیش بەرامبەر ئارسێناڵ بەهۆی گومانی تووشبوونی چەند یاریزانێکی ئارسێناڵ بە ڤایرۆسەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.