پزیشکێک تراژیدیای نەخۆشخانەکانی ئیتاڵیا دەگێڕێتەوە
چاومان پڕ فرمێسکە و دۆخێکی سەختی دەروونیمان هەیە
K24 – ههولێر:
پزیشکانی ئیتاڵیا دەڵێن، نەخۆشخانەکانمان هێند پڕ بوون لە نەخۆش، نەخۆشی لەناکاو و جەڵتە فەرامۆش دەکرێن.
پزیشکێک بە رۆژنامەی مێترۆی رایگەیاندووە، توانای نەخۆشخانەکان بۆ 200% بەرزبووەتەوە و پزیشکان دەبێت زۆر بە خێرایی بڕیار لەسەر مردن و ژیانی نەخۆشەکان بدەن.
پزیشکەکە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت دەڵێت، ئەو نەخۆشانەی دێنە لامان و کۆرۆنایان نییە، فەرامۆش دەکرێن، ئەوانەشی سەروو 65 ساڵین، تەنانەت هاوکاریش ناکرێن.
ئاماژەی بەوە کردووە، دۆخەکە زۆر مەترسیدارە، بڕوا ناکەیت چۆن، ژمارەکان هیچ شتێک لە راستییەکان ئاشکرا ناکەن".
دەشڵێت، هەموو ژوورەکان بۆ چاودێری ورد گۆڕدراون، نەخۆشەکانی جەڵتە و تراوما چارەسەر ناکرێن. نەخۆشەکانی کۆرۆنا بۆری هەناسە و سییەکانیان خەریکە لە کار دەکەون، جیا لە ئۆکسجینی دەستکرد، هیچی دیکە نییە پێشکەشیان بکرێت.
ئاشکراشی دەکات، ئەو نەخۆشخانەی 65 ساڵ بەرەو سەرەوەن، ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، نەک چارەسەریان بۆ ناکرێت، بەڵکو فەرامۆش دەکرێن.
لە بارەی پزیشکانیش رایگەیاندووە، هەموو هەوڵێک دەدەن و بەردەوام کار دەکەن، بەڵام ئەوانیش نەخۆش دەکەون و لە بارێکی دەروونی زۆر خراپدان. ئێمە و هاوڕێکانم دەگرین، فرمێسک بە چاوماندا دێتە خوارەوە، خەڵک لەبەرچاومان دەمرن و ئێمەش جیا لە پێدانی ئۆکسجین، ناتوانین هیچ بکەین.
10 هەزار و 149 کەس لە ئیتاڵیا تووشی کۆرۆنا بوون، 631 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە، رێنماییەکانیان بە جددی وەرنەگرت.